ئۆپیک تەحەددای ئەمەریکا دەکات و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزناکاتەوە

جیهان

23/11/2022‌ 189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە و ئیمارات ڕەتیانکردووە کە ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک هیچ گفتوگۆیەکی تایبەتیان کردبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، جەختیشیان کردۆتەوە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 کار بەڕێککەوتنەکەی نێوانیان دەکەن. 
راگەیاندنی ئەو لێدوانەی وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە و ئیمارات وەک وەڵامێک بوو بۆ راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆڕناڵ"ی ئەمەریکی کە باسی لەوەکردبوو لە سەرەتای مانگی داهاتوودا وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپیک گفتوگۆ لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەکەن.
لەوبارەیەوە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە توندی ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن شانشینی سعودییە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکەی ئۆپێک گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکەن.
هەروەک وتویەتی: ئۆپێک پێش کۆبوونەوەکانی هیچ بڕیارێک تاوتوێ ناکات،  بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەلایەن ئۆپێکەوە تا کۆتایی ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت".
هەروەک دوێنی سێشەممە سوهەیل مەزروعی وەزیری وزەی ئیماراتڕایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە ئامانجی ئۆپێک کە پاڵپشتی هاوسەنگیی لە بازاڕدا دەکات، ئێمەش پشتیوانی لە هەر بڕیارێک دەکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
مەرزووعی لە تویتێکدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەردا رەتیکردۆتەوە کە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیکدا بکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 .
ڕۆژی 5ی تشرینی یەکەم، هاوپەیمانی "ئۆپیک" بە سەرۆکایەتی سعودیە، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، بڕیارەکەش لە تشرینی دووەمی 2022 وە دەستپێدەکات، بەڵام بڕیارەکە ڕووبەڕووی توڕەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی