لەکۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان باسی چی کرا؟

کوردستان

24/11/2022‌ 4521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوینەهەواری دووکان کە لەسەر دەستپێشخەریی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بووە لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی، کۆمەڵێک پرسی گرنگ باسکراوە و شارپرێس وردەکارییەکەی ئاشكرادەکات.

لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجامدرا و کەمێک پێش ئێستا کۆتاییهات، گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک کراوە دیارترینیان دروستکرنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی هاوشێوەی بەرەی کوردستانیی جاران، بۆ پرسە نیشتمانییەکان ئەنجومەنەکە بڕیار بدەن نەک حزبەکان.

شارپرێس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوت "هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنەکە کۆک بوون، بەڵام داوایانکردووە لەگەڵ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکانیان باسی بکەن، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشێک بێت لە ئەنجومەنەکە و بەشداربێت".

بافڵ تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی کێشەکانی هەولێر و سلێمانی کردووە و وتویەتی "من ئامادەم سندوقێک بۆ داهاتی نیشتمانی دروست بکرێت مادام پارتی پێیوایە داهاتی سلێمانی دیارنامێنێت، کۆی داهاتی هەرێم بخرێتە ئەو سندوقەوە و دواتر بە یەکسانیی بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێتەوە".

سەربارەت بە هێرشەکانی ئێران و تورکیا شارپرێس زانیویەتی، بەشداربووان بڕیاردانیان لەسەر پرسەکە هەڵگرتووە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی.