شەڕ و روبەڕوبونەوە لەنێوان دوو "تۆمەتبار" و هێزێکی ئاسایش لەسلێمانی روویدا

کوردستان

24/11/2022‌ 2175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لە سلێمانی بەهۆی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەنێوان دوو "تۆمەتبار" و مەفرەزەیەکی ئاسایشدا، "تۆمەتبارێک"دەکوژرێت و دوو کارمەندی ئاسایشیش بریندارن.

بەگوێرەی زانیارییەکان کە بەدەست پەیامنێری شارپرێس کەوتوون، ئەو "تۆمەتبار"ەی گیانی لەدەستداوە، بەبرینداریی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەو لەوێ گیانی لەدەستداوە.

هەر لە رووداوەکەدا دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایش بریندارن و هێشتا بە تەاویی شوێنی رووداوەکە و هۆکارەکەی روون نییە.

لەسەر ئەم رووداوە بەڕیوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "تۆمەتبار" بوون و لەگەڵ هێزەکانیان رووبەڕوو بوونەتەوە.

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێکیدا دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ / ١١ / ٢٠٢٢ لەکاتێکدا هێزەکانمان لە ئەرکی رەسمی و راپەڕاندنی رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانی خۆیاندا بوون لە بازگەی سلێمانی، دوو ئۆتۆمبێل خاڵی پشکینن دەبەزێنن و ھەڵدێن و رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوەو دوو کارمەندنی ئاسایش برینداردەکەن.
لە راگەیەنراوەکەی ئاسایشدا هاتووە "دوای گرتنەبەری رێکاری ئەمنی بەرامبەریان تۆمەتبار ( تەقەکەرەکە ) بە برینداری دەستگیر دەکرێت و ئۆتۆمبێلەکەی تریشیان لەڕێڕەوی خۆی لادەدات و وەردەگەڕێت و تۆمەتباری دووەھەمیش دەستگیرکرا".
‏‎ئاسایش دەشڵێت "دوای پشکنین دەرکەوت لەناو ئۆتۆمبێلی یەکێک لە تۆمەتبارە ھەڵھاتووەکان بارێکی چەکی پێبووە( ٢٦٧ پارچەچەک ، فیشەک و تەقەمەنی و مەرامی بووە ھەڵبێت و لەدەرەوەی یاسا خۆی دەربازبکات".
‏‎بەگوێرەی روونکردنەوەکەی ئاسایش، ئەم رووداوە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە، بەپێی زانیارییەکان دەرکەوت تۆمەتباری لەیاسا ھەڵھاتوو کە بەبرینداری دەستگیرکرا پێشتر داواکراوبووە لەلایەن دادگاوە.