په‌كه‌كه‌: گه‌وره‌ترین به‌رخۆدان ده‌كه‌ین

کوردستان

26/11/2022‌ 6896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌45 ساڵیادى دامه‌زراندنیدا په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "گەورەترین بەرخۆدان دەکەین"، ده‌شڵێت:"چەرخی ئازادیی مێژویی لەم ناوچەیە دەگەڕێت".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پارتى كرێكارانى كوردستان ئاشكرایكردوه‌، ڕۆژی 27ى تشرینی دوەم پێدەنێنە 45مین ساڵیادی دامه‌زراندنیان.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پەکەکە پارتی ڕێبەرایەتیی‌و شەهیدانە، لەماوەی 44 ساڵی ڕابردودا گەورەترین تێکۆشانی ئازادیی کردوە، هەنگاوی سەرلەنوێ ژیانەوەو ئازادیی گەلی کوردی لەدژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرو سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی جیهانیی هەڵناوەو ناوی پەکەکە بۆتە ناونیشانی کوردایەتیی‌و کوردستانیی".

هه‌ر له‌و ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەهێرشە داگیرکارییەکانی تورکیاو بەرخۆدانی گەریلا کراوەو ده‌ڵێت:"ئێمە بەشەڕو بەرخۆدانێکی گەورەوە پێدەنێینە ساڵی 45وە، دەسەڵاتی ئاکەپەو مەهەپە کە لە(زاپ، ئاڤاشین‌و مەتینا) بەبەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی‌و کیمیایی‌و تەکنیکیی تاوانی شەڕدەکات، کاتێک ماسکەکەی کەوتەخوارەوەو ڕوی ڕاستی دەرکەوت، سەرەتا هەوڵیدا ڕۆژەڤەکە پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرنەکەوت، کۆمەڵکوژیی تەقسیمی ئەنجامدا، هەوڵیدا زەمینەی ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ خۆشبکات".

ئاشكراشیكردوه‌، "هەربۆیە شەوی 19 له‌سه‌ر 20ى ئه‌م مانگه‌، هێرشێکی فراوانی لەناوبردنی هەم لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیاو هەم باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد، لەم هێرشانەدا بەشێوەیەکی دڕندانە، ناوچە مەدەنییەکان بۆردومانكران، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ هەوڵدەدات هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا داگیربکات‌و خۆبەڕێوەبەریی باکورو ڕۆژهەڵاتی سووریاش هەڵوەشێنێتەوە".

پەکەکە پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو وڵاتانە كردوه‌ کە پشتیوانیی هێرشەکانی تورکیا دەکەن‌و  دەڵێت:"ئاشکرایە هەمولایەک بەیەکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی کورد لەناوببه‌ن، بۆیە لەساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەدا هێرشێکی بەرفراوانی نوێیان دەستپێکردوە، بەڵام پێویستە هەمویان بزانن کە هەڵەن‌و زۆریش هەڵەن!، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ هەموو ئەو هێرشانە ڕادەگرێت‌و وەڵامی پێویست دەداتە داگیرکەران".

ش.هـ