د.فوئاد حسێن بۆ ئه‌مریكا: پێویستمان بەدۆلاره‌

عیراق

12/02/2023‌ 2737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 

كلیك بكه‌و له‌تێلیگرام شارپرێس جۆین بكه‌


وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق هه‌واڵێكى دڵخۆشكه‌ر له‌باره‌ى ئاكامى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ واشنتۆن‌و پرسى دۆلاره‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کۆبونەوەکانمان لەسەر ئاستی حکومی‌و سیاسیش زۆرباش بوو، ئەو نیگەرانیانەی هەبون لەلایەن لایەنی ئەمریکیەوە بەتەواوەتی ڕەویونەتەوە"، ده‌شڵێت:"ئێستا لەقۆناغێکی دیکەداین لەچاو هەفتەکانی ڕابردوداو ئەو دۆخەمان تێپەڕاندوە".


ڕۆژى 9ى ئه‌م مانگه‌ شاندێکی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ گه‌یشته‌ ئەمریکا به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆو كۆبونه‌وه‌ لەگەڵ وەزیری گەنجینەو بانکی فیدراڵی ئەمریکا تایبه‌ت به‌بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار.

د.فوئاد حسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ لەکۆڕێکدا لەڕێکخراوی پەیمانگای ئاشتی لەواشنتۆن سەبارەت بەسەردانەکەیان ڕایگەیاند، کۆبونەوەکانیان لەسەر ئاستی حکومی‌و سیاسیش زۆرباش بوەو ئەو نیگەرانیانەی هەبون لەلایەن لایەنی ئەمریکیەوە بەتەواوەتی ڕەویونەتەوە.

لەبەشێکی کۆڕەکەدا کە سەبارەت بەبازاڕی دراوبوو لەعێراق‌و پرسی دینار بەرامبەر دۆلار، د.فوئاد حسێن وتی:"تێگەیشتن‌و پشتیوانیەکی گەورە هەیە لەوەی لەعێراق وەکو حکومەت کردومانە، دەربارەی ئەو پرسیارەی کە پەیوەستە بەسیاسەتی دراویمانەوەو ڕۆڵی بانکی ناوەندیی کە هاوکار بوە لەگەڵ خەزێنەو بانکی فیدڕاڵیدا، لەڕاستیدا ئەوەی لەچەند هەفتەی ڕابردوو ڕویدا دەربارەی ئەو سیستیمە بوو کە جێبەجێکرا لەلایەن بانکی ناوەندیی کە بەپێی گرێبەستێک کرابوو لەگەڵ گەنجینەدا ئه‌وه‌ش پشتیوانی پرۆسەی سەوداکردن بەدۆلارو دیناری عێراقی ده‌كات".

به‌وته‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، "لەوباوەڕەدام ئەم پشتگیریی‌و تێگەیشتنە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاو سیاسیەکانیەوە، تێگەیشتنە لەوەی کە پشتگیریان لەوەکرد حکومەتی عێراقی کردویەتی، ئەوەش کاریگەری کردەسەر بازاڕی دراو لەعێراقدا، بۆیه‌ پێموایه‌ ئێستا لەقۆناغێکی دیکەداین لەچاو هەفتەکانی ڕابردوداو ئەو دۆخەمان تێپەڕاندوە، بەڵام بەواتای ئەوە نایەت ئه‌م قسه‌یه‌م کە گرفتمان نییە".

لەکۆڕه‌كه‌ى ڕێکخراوی پەیمانگه‌ی ئاشتی لەواشنتۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌، "پێویستمان بەدۆلار هەیە، دۆلار لەهەموو مامه‌ڵه‌كانماندا بەکاردەهێنین، لەبەرئەوە دۆلارمان پێویستەو هەندێک وایدەبینن کە دۆلار لەبازاڕی عێراقدا نامێنێ یان وندەبێت، بەدڵنیاییەوە لەبەرئەوەی ئێمە دەیکڕین، مامه‌ڵه‌مان لەگەڵ تورکیاو ئێران‌و ئەوروپاو ئەمریکاو وڵاتانی دیكه‌ هەیەو هەمووشی بەدۆلارە، دۆلار بۆ ئابوری عێراق بەکاردەهێنین، نەوەکو بگوترێت کە بەقاچاغ بۆ وڵاتی تر دەبرێت، لەراستیدا ئەو بۆچونە بۆ خەڵک‌و حکومەتی عێراقیش بۆچونێکی بەئازارە، نابێت ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت.

هه‌ر شه‌وى ڕابردوش بانکی ناوەندیی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "لەکۆبونەوەی شاندی عێراق لەگەڵ شاندی ئەمریکا، هەردولا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ كاری هاوبەش‌و ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی كاركردن بەسەكۆی ئەلیكترۆنی بۆ حەواڵەو كاش".

لاى خۆیشیه‌وه‌ یاریدەدەری جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا پشتیوانی تەواوی لەهەوڵەكانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی كردوە لەچاكسازیی ئابوریی‌و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی پێویست.

عەلی عەلاق پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندییش نیازی بانكی ناوەندی ئاشكراكردوە بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی‌ دوەمی ئاسانكارییەكان كە دەبێتە مایەی سەقامیگریی نرخی دۆلار.

ش.هـ

بەپەلە