ئەمریکا به‌شداریی مەراسیمى بەخاکسپاردنى شەڕڤان کۆبانێ‌و هاوڕێکانی دەکات

کوردستان

21/03/2023‌ 821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

دواى وەرگرتنەوەى تەرمى 9 شەڕڤانى هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆرى ڕۆژئاواى كوردستان له‌پارتى، سبه‌ینێ مه‌راسیمى سه‌ربازیی به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و ئه‌مریكاش به‌شداریی ده‌كات.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، ته‌رمى هه‌ر 9 شه‌ڕڤانه‌كه‌ى دژه‌تیرۆرى ڕۆژئاواى كوردستان گه‌یشتونه‌ته‌ شارى حه‌سه‌كه‌و سبه‌ینێ به‌مه‌راسیمى سه‌ربازیی باڵا كه‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌شداریی ده‌كه‌ن، ته‌رمى شه‌ڕڤانه‌كان به‌خاكده‌سپێردرێن.

مه‌راسیمى به‌خاكسپاردنى ته‌رمى شه‌ڕڤانه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان، سبەینێ چوارشەممە 22ی ئادار به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و به‌شان ته‌رمى شه‌ڕڤانه‌كان له‌كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆ به‌ره‌و گۆڕستان به‌ڕێده‌كرێن.

شەوى 15ى ئەم مانگە، هەواڵى کەوتنە خوارەوەى کۆپتەرێک لەسنورى پارێزگاى دهۆک بڵاوبۆوە، سەرەتا بەکۆپتەرى تورکیا ناوبران‌و دواتر باس لەوەدەکرا عێراقى بن، بەڵام ڕۆژێک دواتر، بەغداو ئەنکەرە ڕەتیانکردەوە هیچ کۆپتەرێکى ئەوان کەوتبێتە خوارەوە. چەند کاتژمێرێک دواى ڕوداوەکە، میدیاى پارتى لەزارى دەزگا ئەمنیەکانى خۆیانەوە بڵاویانکردەوە، لەنێو کۆپتەرەکەدا تەرمى 7 کەس دۆزراونەتەوە کە جلوبەرگى گەریلاى پەکەکەیان لەبەردایە.

دوو ڕۆژ دواى ڕوداوەکە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) بەفەرمى خاوەندارێتى لەکۆپتەرە سەربازیەکان ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد، بەهۆى خراپى کەشوهەواوە دوو کۆپتەریان کەوتونەتە خوارەوەو بەهۆیەوە 9 شەڕڤانى هێزەکانى دژە تیرۆرى ڕۆژئاواى کوردستان شەهیدبون کە شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەى هێزەکە لەنێو شەهیدەکاندایە.

بڕیار وایە سبەینێ چوارشەممە لە رۆژئاوای کوردستان و هەریەک لە حەلەب و شاری رەققەوە، خەڵک بەشداری بکەن لە بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی جەماوەریدا بۆ ئەم مەبەستە.

دواى چەندجارێک داواکردنى فەرمى هەسەدە بۆ ڕادەستکردنەوەى تەرمى شەهیدەکان، ئەمڕۆ پارتى دیموکراتى کوردستان سەرجەم تەرمەکانى ڕادەستى ئیدارەى خۆسەرى ڕۆژئاواى کوردستان کردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ بەمەراسیمێک سەرجەمیان بەخاک بسپێردرێن. لەسەر ڕوداوى کەوتنە خوارەوەى دوو فڕۆکەکەى هەسەدە، بەغداو هەولێرو هاوپەیمانان لێكۆڵینەوەی هاوبەش ئەنجامدەدەن‌و تائێستا ئەنجامەکانی ئاشکرانەبوە.