دۆلار: بۆچی چیدی دونیا تەخت نیە؟

مەلەفی تایبەت

16/11/2023‌ 861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز

تایبەت بۆ ڕۆژنامەی هاووڵاتی نوسراوە

لە ساڵی 2010  توماس فریدمانی ستوننوس لە ڕۆژنامەی نیورک تایمز، بە ئاگا بوەوە کە دونیا تەختە.

ئەو ئاگاییەی لە لایەن بەڕێوبەری کۆمپانیایەکی هیندییەوە پێگەیشت. فریدمان پاش بیرکردنەوەی لە وتەی کەسە هیندییەکە بڕیاریدا کە کتێبێک بەو ناونیشانە بنوسێت. کتێبەکەی فریدمان گرنگە، چونکە هەڵگری دیدێکە کە بڕوای وەهایە لە ساڵان و سەدەکانی ڕابوردودا دونیا بەرەو بون بە یەک یەکە ڕۆشتوە، بە تایبەتی پاش ڕوخانی دیواری بەرلین ٣٥ ساڵ پایز لەمەوپێش. تێزەکەی فریدمان لە سەر ئەوە بونیادنراوە کە گەشەی تەکنەلۆجیا و بازرگانی و هەروەها بیری لیبرال، هەموو پێکەوە دیوارەکان لە نێوان کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکاندا دەروخێنن. لە ئەنجامی ڕوخانی دیوارەکان دونیا تەخت دەبێت.
ئەم دیدە بە شێوەیەکی گشتی بە جیهانگەریی ناسراوە. بە سادەیی ئەم دیدە وەها دەبیننێت کە گۆی زەوی بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێت بە شوێنێک کاڵا و بیر و شمەکەکان و هەتا ئاستێکیش مرۆڤەکان بە ئاسانی و بەبێ بەربەست بە دونیا، هەتا بێت بە خێرایی زیاتر بڕۆن.

نەبونی بەربەست، خێرایی، ئاسانبونی دەست پێگەیشتن لە خەسڵەتەکانی ئەم سەردەمەن. فریدمان و ئەوانیتر بۆ نمونە بیل کلینتۆن، وەهایان دەبینی کە ئەم سیستەمە زاڵ دەبێت بە سەر دەوڵەتدا، نەک دەوڵەت زاڵ بێت بە سەریدا. هەتا ڕوداونی بەهاری عەرەبیش وەهامان دەبیست کە گەشەی سیستەمی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و سیستەمەکانی تری پەیوەندی، خەڵکی بە تواناکردوە لە بەرامبەر دەسەڵات یان سیستەمدا، جارێکی تر ئاسان نیە کە سیستەمەکان بتوانن وەک جاران خەڵک کۆنترۆڵ بکەن.

دیارە قسەکردن لە سەر ئەم بوارە و ئاڵۆزییەکانی لێرەدا جێگای نابێتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە، بەڵێ ئەوە ڕاستی بوو کە سیستەمی جیهانگەریی و شۆرشی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێت بوو بە مایەی توانا بەخشین بە خەڵک، هەتا ئێستاش بڕێکی زۆری ئەم دیدە ڕاستە. بەڵام لە پڕ ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت بە پێچەوانەشەوە بەکاری بهێنێت. 

لێرەدا چەمکی بەڕێکەوت، دەناسێنین. بە ڕێکەوت مەبەست لێی ئەوەیە کە سەرەتا پلانڕێژی نەبوو کە ئەو سیستەمەی کە هەیە بەوجۆرە بەکاربێت، چونکە لە ڕاستیدا زانیاری نەبوو کە سیستەمەکە چۆن دەبێت. کەس نەیدەزانی، ئێستاش نازانێت کە دونیای تەکنەلۆجیا بەرەو کوێ دەچێت، بۆ نمونە ئەوەی دونیای حەپەساندوە لە ئەمڕۆدا گەشەی خێرای هۆشمەندی دەستکردە، کەس ناتوانێت پلانڕێژی بکات بەوەی کە چۆن بەکاری دەهێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا نازانێت کە بازدانەکانی چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.

ئەمە دۆخی چاوەڕوان نەکراوە و نەزانراو دەهێنێتە نێو دونیای سیاسەت و پلانڕێژییەوە، بەوەی نازانێت ئەو ئامرازەی کە هەیە چۆن ئەگەری هەیە بە شێوازێک بەکاربێت کە بیر لێنەکراوەیە.
لە زستانی ساڵی ٢٠٠٦ کەسێک بە ناوی ستیوارت لیڤی کە جێگری وەزیری خەزانەی ئەمریکی بوو بۆ کاروباری تیرۆر و زانیاریی دارایی، لە سەفەردابوو بۆ وڵاتی بەحرەین. بە ڕێکەوت لە ڕۆژنامەدا بابەتێکی خوێندەوە کە چۆن بانکێکی گەورەی سویسری پەیوەندی لە گەڵ ئێراندا پچڕی. لیڤی بیر لە ئەوە کردەوە کە ئایا ناکرێت حکومەتی ئەمریکی بانکی تری بیانی ناچار بکات بە پچڕانی پەیوەندی لە گەڵ ئێراندا. 

هەرزوو بیرۆکەکەی داڕشت و دای بە وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە کۆندەلیزە ڕایس. ڕایس بە دڵی بوو. وەزارەتی خەزانە ئەوەیان دەزانی کە کۆمپانیا گەورەکان ناتوانن بەبێ دەستگەیشتن بە دۆلار لە ئاستی دونیادا کار بکەن. لیڤی سەرەتا بە ڕێگریی لە بانکە ئێرانیەکان دەستی پێکرد بۆ دەست گەیشتن بە دۆلار بە شێوازی ناڕاستەوخۆ. 

وەک دەزانین کە نەوت لە هەموو دونیادا بە دۆلار دەنرخێندرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک وڵاتێکی تر نەوت دەکرێت ئەو پرۆسەی کڕینەکە بە نەو سیستەمی گواستنەوەی ئەمریکیدا تێدەپەڕێت. ئەمە سەرەتای پرۆسەیەکی فراوانبوو. هەر لە هەمان ساڵدا، ٢٠٠٦، ئەمریکا ئابلۆقەی خستە سەر بانکی سادراتی ئێرانی بە بیانوی ئەوەی پارەی بۆ حیزبوڵای لوبنانی ناردوە. لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە ئەمریکا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە نەک دەتوانێت وڵاتێکی وەک ئێران لە دونیا داببڕێت بەڵکو ئەوانیتریش ناچار بکات کە سیاسەتەکانی پیادە بکەن و بە دوور گرتن لە بەکاربردنی سەربازیی و جەنگ، فشارەکانی خۆی بکات. بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەمریکا بە تەواوی سەرجەم بانکەکانی ئێرانی خستە ژێر ئابلۆقە. 
کە ئۆباما هات بۆ کۆشکی سپی، وەک سەرۆکێکی چەپ، هەوڵیدا لە گەڵ ئێراندا نەرم بێت. بەڵام خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێرانیەکان و ڕەفتارەکانی دەوڵەتی ئێرانی،  ئۆبامای ناچارکرد بەردەوام بێت لە ئابلۆقەکان. لە راستیدا ئۆباما داوای لە ستیوارت کرد، هەرچەندە کۆمارییەکان هێنابویان، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. پاشان بۆ ئیدارەی ئۆباما ڕونبوەوە ئەگەر فشاری ئابلۆقەکان، بە تایبەتی دۆلار نەبوایە ئێران هەرگیز ئامادە نەبوو دانوستان بکات. 

لەم میانەدا لە ساڵی ٢٠٠٨ سیستەمی سویفتیان دۆزییەوە. سویفت سیستەمێکی بانکیە کە زانیاری دەدات دەربارەی ناو و شوێن و هەژماری بانکی کەس و کۆمپانیاکان کاتێک پارە هەناردە دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە ڕیتچارد هۆلبۆرک و دینس ڕۆس کەمپەینێکیان دەست پێکرد. ئامانجی کەمپەینەکە ئەوەبوو کە ئێران لە سیستەمی سویفت بکەنە دەرەوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ کەمپەینەکە سەرکەوت و سویفت، کە بنکەکەی لە برۆکسلە، ناچارکرا ئێران بکاتە دەرەوە. 

پاش دابرانی ئێران، عێراق بوو بە بەرەی ئەم جەنگە. عێراق راستەوخۆ لە ئەمریکا دۆلاری فرۆشی نەوتی وەردەگرێت و هەروەها هەتا ئێستا لە سیستەمی سویفتدانیە. ئەمە مانای ئەوەیە کە دۆلار بە ئاسانی دەگاتە عێراق و لە هەناو هیچ سیستەمێکدا نیە، هەتا بتوانرێت چاودێریی جوڵەی ئەو دۆلارانە بکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا، پاش کشانەوە و لاوازبونی ئەمریکا لە ناوچەکە، عێراق بوو بە بەشێک لە سیستەمی ڕوبەڕوبونەوەی ئێران لە عێراق. هەروەها لە ئەنجامدا ئێران بوو بەو وڵاتەی کە باڵادەستە بە سەر عێراقدا، بۆیە ئەمریکا ناچاربوو بۆ ئیدارەی عێراق مامەڵە لە گەڵ ئێراندا بکات. ئەمەش وەها دەکات کە دۆلار و سویفت و نرخی دۆلار بەشێک بێت لە ئیدارەدانی هەردوو عێراق و ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، بە تایبەتی کاتێک ئەمریکا تەنها لە چەند پنتێکی دابڕاودا بونی هەیە لە عێراق. 

لەم پرۆسەیەدا ئەوەی پێی دەوترێت عێراق لە نێوان دوو وڵات و سیستەمدایە کە هیچ توانایەکی بە سەر هیچ لایەکیاندا ناشکێت. لە هەمانکاتدا هەردوولا تێناگیراندوە و ئەویش هەردووی بۆ ڕازی ناکرێت. بۆ ئەم مەبەستە عێراق لە ڕۆژانی ڕابوردودا داوای یەک بلیون دۆلاری لە ئەمریکا کرد کە وەک کاش بیداتێ. بەڵام ئەمریکا داواکارییەکەیان ڕاگرتوە بە بیانوی ئەوەی کە بەغدا دۆلار بە شێوازێکی نایاسایی بۆ ئێران دەگوێزێتەوە. 

وەک دەزانرێت کە لە سەرەتای هاتنی ئەمریکاوە بۆ عێراق، هەموو دوو هەفتە جارێک لە ڕێگای فڕۆکەیەکی کارگۆوە دۆلار وەک کاش بۆ عێراق دێت، کە بڕەکەی ساڵانە دەگاتە نزیکەی دە بلیون دۆلار. بازرگانیی دۆلار یەکێکە لە پڕ خێرترین بازرگانییەکان لە عێراقدا کە نوخبەیەکی دەستڕۆیشتوو دەستیان بە سەریدا گرتوە و سودێکی زۆری لێدەبینن. چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا. ئەو جیاوازییە هەموی دەچێتە گیرفانی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لە عێراق. 

کەواتە پرسی دۆلار لە عێراقدا وابەستەیە بە کۆمەڵێک پرس و ململانێی ترەوە، بەشێکی زۆری دەوڵەتی عێراقی توانای بە سەریدا ناشکێت چونکە وڵاتێکی بێ سەروەرە.

بەپەلە