وه‌زیرى ناوخۆى عێراق بڕیارێك له‌باره‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌دات

کوردستان

25/01/2024‌ 2483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری ناوخۆی عێراق له‌شارى كه‌ركوكه‌وه‌ ئاشكرایكرد، پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی ئەمنی ناوەندی کەرکوک دەگرێتەدەست، ده‌شڵێت:"لەداهاتودا پۆلیس بەرپرسیارێتی ئەمنی ناوەندی پارێزگای کەرکوک‌و قەزای حەویجەش دەگرێتەدەست".


ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق به‌سەردانێك گه‌یشته‌ کەرکوک‌و لەپرێس کۆنفرانسێکیشدا ڕایگەیاند، "لەقۆناغی داهاتوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فیدراڵی‌و وەزارەتی ناوخۆ، بەرپرسیارێتی ناوشاری کەرکوک‌و قەزای حەویجە دەگرنەدەست".

وتیشى، "لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک ڕێککەوتین لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بەدانانی کامێراکانی چاودێریی لەناوەندی کەرکوک".

شه‌مه‌رى ئه‌وه‌شى وت:"لەداهاتودا گرنگیی زیاتر بەبازگەکانی پارێزگای کەرکوک‌و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەدەین‌و ئامێری زیاتری سۆنەرییان بۆ دابیندەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە لەدواى هێرشی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک لەدواى ڕوداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، سوپاى عێراق بەرپرسیارێتىی دۆسیەى ئەمنى ناوەندی پارێزگای کەرکوکى گرتوەتە دەست.