ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامده‌دات

کوردستان

30/01/2024‌ 323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگای کەرکوک لەنوسراوێکدا وادەی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای دیاریکردو لەڕێگەی ئیدارەی ئەنجومەنەکەشەوە داوای ئاگادارکردنەوەی ئەندامەکانی کردوە ئامادەی یەکەم کۆبونەوە بن.


به‌گوێره‌ى نوسراوێكى نوسینگەی پارێزگای کەرکوک كه‌ هاوپێچ لەگەڵ ناوی ئەندامە دەرچوەکانی ئەنجومەنه‌كه‌دا ئاراستەی هەریەک لەنوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق‌و بەشی کارگێڕیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوه‌، داوای لەسەرجەم ئەندامە دەرچوەکان کردوە، کاتژمێر دوی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ئامادەی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنه‌كه‌بن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ دوشه‌ممه‌ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاساییان خوارد، هەروەها حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى وتوه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی كارگێڕی كه‌ركوك بۆ سه‌رده‌می پێش ڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رو سه‌پاندنی پارێزگایه‌كی خۆسه‌پێن بگه‌ڕێننه‌وه‌و كارده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوی شاره‌كه‌.