بابەكر زێباری: هاوپەیمانان بەڵێنیان داوە سیستمی بەرگری بۆ پێشمەرگە دابین بكەن

کوردستان

05/02/2024‌ 330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بابەكر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: کارەکانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچن و ئێستا لە قۆناغی لیوا بەرەو دروستکردنی فیرقە کار دەکەن و بەڵێنیش دراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سیستمی بەرگری بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکرێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی پارتی وتووە "لە وەزارەتی پێشمەرگە خشتەیەک بۆ کارەکان دانراوە بە ھاوکاری ھاوپەیمانان و بەپێی خشتەی دانراو کارەکان بۆ ھەر مانگێک و بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن."

وتیشی"لە خشتەکان ئاماژە بە دروستکردنی لیوا و فیرقەکان دراوە، بۆیە کارەکان زۆر باش بەڕێوەدەچن و ھەنگاوی زۆر باش نراوە، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆری لیوا ھەن و وا دو لیوای تازە دروست دەکرێن و کار لەسەر دروستکردنی چوار فیرقە دەکرێت و پێشنیار کراوە بۆ قاید فیرقەو جێگرەکان و ئامر لیواکان بۆ ھەر پۆستێک دو تا سێ ناو پێشنیارکراوە، بۆیە پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکار ھەیە، فیرقەکان ئێستا بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن بۆیە بڕیارە تا ساڵی 2026 ھەمو ھێزەکان یەکبخرێن."

 بابەکر زێباری لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی" دانانی سیستمی بەرگری لە لایەن ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە نەک تەنیا لە ئاسمان، بگرە لە ھەمو ڕویەکەوە پێویستمان بە بەرگری ھەیە، چونکە ئێمە پێویستمان بە ھێرشکردن نییەو پێویستمان بە بەرگریکردن لە خۆمان ھەیە، بۆیە ھەر پێداویستییەکی بەرگریکردن ھەبێت پێویستمان پێی ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ھاوپەیمانانمان لەوە ئاگادارکردۆتەوە تەنیا پێویستمان بە بەرگریکردن ھەیە، بۆیە کاری لەسەر دەکرێت و ئەوانیش بەڵێنیان داوە دابینی بکەن، بەڵام پێویستیان بە ڕەزامەندی سەروی خۆیان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی."