کۆڵبەرێکى خەڵکى بانە لەکاتى کۆڵبەریدا لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە کوژرا

کوردستان

12/02/2024‌ 183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، کوژرانى كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی بانه‌ى به‌ ناوی سه‌یوان سه‌حیحی له‌لایه‌ن هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێرانه‌وه‌ ڕاگەیاند.

لە هەواڵێکدا، رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو بڵاویكرده‌وه‌، دره‌نگانی شه‌وی رابردو كۆڵبه‌رێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵی خه‌ڵكی بانه‌ به‌ ناوی سه‌یوان سه‌حیحی له‌ كاتی كۆڵبه‌ری له‌ سنوری سارداوی شاری بانه‌ به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژرا.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، سه‌یوان سه‌حیحی خه‌ڵكی گوندی "بله‌كه‌" بوه‌ و ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی شاری بانه‌ ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كراوه‌ته‌وه‌.

به‌پشتبه‌ستن به‌ ئاماری تۆماركراو له‌ ناوه‌ندی ئامار و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، له‌ ساڵی 2023دا زیاتر له‌ 22 كۆڵبه‌ر له‌ سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كوژراون و 116 كۆڵبه‌ری دیكه‌ش بریندار بون.