خۆپیشاندانی مامۆستایان بۆ دەباشان دواخرا

کوردستان

17/02/2024‌ 709 جار خوێندراوه‌ته‌وه


مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە و شارەزوور و سەیدسادق ڕایدەگەیەنن، خۆپیشاندانەکەیان لەبەردەم دەباشان دوادەخەن.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست شارپرێس کەوتووە ئەوەهاتووە "چوونی ئێمە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەنەبوونی کاربەدەستە کاریگەرەکانی دەباشان" ئەوەش لەکاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی ئێستا لە میونشنە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئاسایشی میونشن.

دەقی ڕوونکردنەوەکە

ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە لەلایەن مامۆستایانی ناڕازیی هەڵەبجە و شارەزوور و سەیدسادقەوە

مامۆستایانی سەربڵند
وانەبێژانی مافخوراو
فەرمانبەرانی بەهەڵوێست
کاسبکارانی ڕەنجدیدە

ئێمە بە هاشتاگی #یەك_شەممەیەکی_جیاواز_ناڕەزایەتییەکان_بەرەو_دەباشان بانگەوازمان بۆ خۆپیشاندانی سبەی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە، بەو هیوایەی کە بتوانین گۆڕانکارییەکی چۆنایەتیی لە ڕەوتی فشارەکانماندا بێنینە کایە و ڕووبەڕوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە، ئەوەی کە لەڕێگای نووسین و وێنە و ڤیدیۆوە پێیان گەیشتووە، پڕ بە گەروومان و ئازایانە دروشم و پەیامەکانمان دووپات بکەینەوە.

لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کە ڕیکلام و خرۆشی ئێوە بینرا، بەشێك لە پەیام و پێداگرییمان لەسەر مافەکانمان گەیشتە دەسەڵات، بەڵام چوونی ئێمە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەنەبوونی کاربەدەستە کاریگەرەکانی دەباشان و پێمانوایە؛ 

١-پێویستە ئەو کارتە گرنگە بهێڵینەوە و دوای بخەین بۆ کاتێکی گونجاوتر.

٢- لەسەر داوای زۆربەی دڵسۆزان، وەك هەموو یەك شەممەکانیتر، سبەی بە گوڕوتینەوە لە مەیدانی شەرەف لە شارەکانی خۆمان لەسەر شەقامەکان ئەبین.