ئامەد دیجلە بۆ شارپرێس: توركیا پلانی داگیركردنی باشووری كوردستانی هەیە

ڕاپۆرت

22/02/2024‌ 2943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس-كەنداڵ جودی:

شرۆڤەكارێكی كورد ئاشكرایدەكات توركیا بە نیازە رێگایەكی نوێی بازرگانی لەگەڵ عێراق دروست بكات، كە هەرێمی كوردستان هیچ رۆڵی تێیدا نابێت و لەژێر كۆنترۆڵی بەغدا و ئەنقەرەدا دەبێت.
ئامەد دیجلە رۆژنامەوان و شرۆڤەكاری سیاسی كورد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگای میدیایی شارپرێس، دەڵێت،  "توركیا لەپلانیدا هەیە بەهاری داهاتوو ئۆپەراسیۆنی نوێ دەستپێبكات و ئامانجیشیەتی باشووری كوردستان داگیربكات".

كاتێك توركیا قەوارەی هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد تاكە مەرجی شەڕكردن بوو لە دژی پەكەكە

شارپرێس:  پێش هەموو شتێك، چ پلانێك لە دژی باشووری كوردستان بە گشتی بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدا كە زۆرێك لە بەرپرسانی توركیا سەردانی باشووری كوردستان و عێراقیان كردووە؟
ئامەد دیجلە:
پلانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ باشووری كوردستان پلانی داگیركارییە، نەك تەنها باشووری كوردستان،  دەوڵەتی توركیا ستراتیژێكی خستووەتەڕوو و دەڵێن "لە سەدەی داهاتوودا نابێت هیچ پێگەیەك بۆ گەلی كورد لە هیچ شوێنێك هەبێت". ئەمە چ لە باشوور، چ لە ڕۆژئاوا یان لە ڕۆژهەڵات وەك یەكە. چونكە توركیا باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان وەك باكووری كوردستان وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر خۆی دەبینێت.

لە بنەڕەتدا بۆچی توركیا لە ساڵی ١٩٩٢دا پێگەی باشووری كوردستانی قبوڵ كرد؟ تەنها توركیا ئەو ستاتۆیەی قبوڵكرد بەمەبەستی بەكارهێنانی لەدژی پەكەكە، ئەمە مەرجێكی توركیا بوو و یەكەم بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان شەڕكردن بوو لەدژی پەكەكە، توركیاش هەمیشە پەشیمان بووە، چونكە ئەوان ستاتۆیەكیان بۆ كورد قبوڵ كرد. ئەمەش جارێكی دیكە لە ساڵی ٢٠١٧دا دەركەوت، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجامدا، دواتر ئەردۆغان قسەی توندی بەرامبەر مەسعوود بارزانی كرد و گوتی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ ئێمە مەترسییە. بەداخەوە لەئەنجامی ئەمەشدا نیوەی خاكی باشووری كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقەوە. توركیا دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان داگیر بكات، تەنانەت ئەگەر نەتوانێت داگیری بكات، دەیەوێت ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان لە ڕووی ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازییەوە ژێردەستە بكات و بەو هۆیەوە باشووری كوردستان بێكاریگەر و بێدەسەڵات بكات.

 بۆیە توركیا لە لایەك هێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان و لە لایەكی دیكەشەوە هەوڵی ئابووری خۆی هەیە بۆ ئەوەی باشووری كوردستان لاواز بكات. بۆ نموونە ئێستا توركیا لە وزە و نەوتی باشووری كوردستان زیاتر لە كورد سود وەردەگرێت، لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا توركیا ٧ ملیار دۆلاری لە وزە و نەوتی باشووری كوردستان دەستدەكەوێت، كوردیش ٥ ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت. بۆیە توركیا وەك بیانوو و هۆكارێك بۆ گەیشتن بەو ئامانجە  پەكەكە نیشان دەدات. توركیا خۆی دەزانێت ئەگەر پەكەكە لاواز بێت یان لەناوبچێت، چیتر هێزێك بە ناوی كورد ناتوانێت شەڕی توركیا بكات، بۆیە توركیا پێی وایە ئەگەر پەكەكە لەناوببرێت، دەگاتە ئامانجەكەی و باشووری كوردستان داگیر دەكات.

 توركیا دەیەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق ڕێگایەك بۆ باكووری كوردستان و توركیا دروست بكات بەبێ ئەوەی پارتی و یەكێتی هیچ رۆڵێكیان تێیدا هەبێت

شارپرێس:  لە بەرنامەیەكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی كورددا ئاماژەت بەوە كرد كە توركیا دەیەوێت ڕێگایەكی نوێ لە باشووری كوردستان دروست بكات بۆ گۆشەگیركردنی كورد، دەتوانی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم ڕێگایە بدەیت؟
ئامەد دیجلە:
پلانی ئێستای توركیا ئەمەیە؛ توركیا دەیەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق ڕێگایەك بۆ باكووری كوردستان و توركیا دروست بكات، ئەوانیش پێی دەڵێن "ڕێگای گەشەپێدان"،  بۆیە ناچارن لەم ڕێگایەدا تێپەڕن لە ناوخۆی كوردستان. بۆیە توركیا دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق ڕێكبكەوێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەكی لەم ڕێگایەدا نابێت، واتە ئەم ڕێگایە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئەنقەرە و بەغدا دەبێت. ئەوان دەیانەوێت لە دەرەوەی كورد چالاكی بازرگانی لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێی عێراق ئەنجام بدەن، واتە كورد لە دەرەوەی ئەم ڕێگایە بێت. چونكە لە ئێستادا ڕێگای بازرگانی نێوان حكومەتی عێراق و توركیا بە باشووری كوردستاندا تێدەپەڕێت.

لەو چوارچێوەیەدا لیژنەكان لە نێوان توركیا و عێراق دامەزراون و كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەكەن. جگە لەوەش ئێران سوودمەندە لەو ڕێگایە، كە دەتوانێت كەلوپەلەكانی بگەیەنێتە بەندەری بەسرە و لەوێشەوە بۆ توركیا و ناوچەكانی دیكە. لە هەمان كاتدا توركیا و عێراق دەیانەوێت ئەم ڕێگایە بە درێژایی ڕووباری دیجلە دروست بكەن و بەم شێوەیە سنوورێكی نوێ لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان دروست بكەن. بە واتایەكی تر توركیا لەژێر ناوی ڕێگای ئابوریدا دەیەوێت چەمكێكی ئەمنی نوێ لە دژی كورد لە نێوان ڕۆژاڤا و باشوور و باكووری كوردستان دابمەزرێنێت.

شارپرێس: ڕۆڵی پارتی و یەكێتی لەم پلانەدا چییە؟
ئامەد دیجلە:
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر بیەوێت شتێك بۆ ئەم ڕێگایە بكات، ناتوانێت هیچ بكات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسییەوە كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی توركیا. بۆیە ئەگەر ئەم شێوازە ڕووبدات زیان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەگەیەنێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئامانجی توركیا تەنیا ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك كۆمپانیا و پارتێكی سیاسی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی كورد بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هەروەها یەكێتی بەم شێوەیە هیچ ڕۆڵێكی نییە، توركیاش وەك پارتی هەوڵدەدات یەكێتیش بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بەڵام  دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی ئێستای و نایەوێت بچێتە ژێر دەسەڵاتی توركیا.

شارپرێس: ئەگەر بڵێین پلانەكەی توركیا بەرەو پێشەوە چووە، چۆن كاریگەری لەسەر ڕۆژاڤای كوردستان دەبێت؟
ئامەد دیجلە:
توركیا دەیەوێت باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بكات، بێ گومان ئەگەر ئەم پلانەی توركیا جێبەجێ بكرێت، كاریگەری نەرێنی لەسەر باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت.

توركیا لە هێرشی سەر باشووری كوردستان شكست بهێنێت هێرشی سەر رۆژاڤای كوردستان دەكات

شارپرێس:  سەبارەت بە ڕۆژاڤای كوردستان، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە توركیا لەم كاتەدا هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕۆژاڤای كوردستان بكات؟
ئامەد دیجلە:
بەڕای من لەم كاتەدا هێرشی زەمینی دژی ڕۆژاڤای كوردستان قورسە، چونكە ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتییەكان ڕێگە بە توركیا نادەن. لەهەمانكاتدا لە ئایندەیەكی نزیكدا هەڵبژاردن لە توركیا هەیە، بۆیە توركیا نایەوێت كورد لە باكووری كوردستان زیاتر توڕە بكات، بۆیە تەنانەت پێش هەڵبژاردنیش دەبینم كە ئەستەمە توركیا هێرشی زەمینی ئەنجام بدات دژی ڕۆژاڤای كوردستان.

لە هەمان كاتدا توركیا سەرنجی لەسەر باشووری كوردستانە و ئەگەری زۆر هەیە كە توركیا لە بەهاردا جارێكی دیكە هێرش بكاتە سەر باشووری كوردستان. بەڵام ئەگەر توركیا نەیتوانی پلانەكانی لە باشووری كوردستان جێبەجێ بكات، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لە دژی ڕۆژاڤای كوردستان لە ئارادایە.