130 ملیار دينار خرایه‌سه‌ر هه‌ژمارى بانكى هه‌رێم

کوردستان

11/03/2024‌ 5302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى عێراق بڕى 130 ملیار دینارى خسته‌سه‌ر هه‌ژمارى بانكى هه‌رێم‌و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاریى له‌باره‌ى موچه‌ى مانگه‌كانى دیكه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


ئەمڕۆ دوشەممە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق فەرمانیکرد بەزیادکردنی 130 ملیار دینار بۆ سەر هەژماری حکومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان‌و ئەوانەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌شارپرێسى وت، "سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ خراوه‌ته‌سه‌ر هه‌ژمارى بانكى حكومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌نییه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ دابه‌شبكات‌و چاوه‌ڕوانده‌كات تائه‌وكاته‌ى ته‌واوى پاره‌ى موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ده‌خرێته‌سه‌ر هه‌ژماره‌كه‌ ئه‌وكات ده‌ست به‌دابه‌شكردنى ده‌كات".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خەلیل دۆسكی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، "پرسیارمان لەبارەی ناوەڕۆكی لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌وه‌زاره‌تى دارایی عێراق كردوە، ئەوان وتیان لیستەكان زۆر ڕێكوپێكن، وردبینی دەكەن‌و چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا ته‌واوى پارەكە بنێرن، لەهەموو بارەكان ناردنی ته‌واوى پارەكە لەڕۆژی پێنجشەممە تێناپەڕێت".

خه‌لیل دۆسكى كه‌ ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتیشه‌ سه‌باره‌ت به‌وەی ئاخۆ بۆ مانگەكانی داهاتوو چۆن موچە دابەشدەكرێت، وتویه‌تى:"هێشتا ڕون نەبۆتەوە بەچ شێوازێك موچەی مانگەكانی داهاتوو دەدرێت، بەڵام یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە كە موچەی فەرمانبەران لەڕێگەی ئەو بانكە ئەهلییانەوە دابەشبكرێت كە مۆڵەتیان لەبانكی ناوەندیی عێراق وەرگرتوە".