شارپرێس ورده‌كاریى بڕیاره‌كه‌ى وه‌زیرى دارایی عێراق له‌باره‌ى موچه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

11/03/2024‌ 2627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ وه‌زیرى دارایی عێراق دوو نوسراوى له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ناردو له‌هه‌ردوكیاندا باسى قه‌رز ده‌كات بۆ موچه‌.


تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەدوو نوسراوی جیاوازدا کە بۆ یەکەی سیستەمی پارەدانی وەزارەتەکەی ناردوە بڕیاریداوه‌ بەزیادکردنی 130 ملیار دینار بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات (دوو)ی خانەنشینان‌و ئەوانەی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەهەرێم دەیانگرێتەوە.

ته‌یف سامى لەنوسراوی یەکەمیدا، داوای زیادکردنی 10 ملیارو 997 ملیۆن‌و 100 هەزار دیناری (بەشێوەی قەرز) بۆ سەر هەژماری بانکیی بانکیی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردوە، بە مەبەستی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات (دوو)ی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی‌و چاودێری‌و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەکوردستان.

وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى عێراق له‌نوسراوى دوه‌میدا داوای زیادکردنی 119 ملیارو 139 ملیۆن‌و 195 هەزارو 614 دینارى (بەشێوەی قەرز) بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردوە، بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات (دوو)ی خانەنشینانی مەدەنی‌و سەربازیی لەهەرێمی کوردستان.

له‌هه‌ردوو نوسراوه‌كه‌یدا وەزیری دارایی عێراق جەختیكردۆته‌وه‌، بۆ موچەی مانگی ئادار (مانگى سێ)، ئەگەر هەژماری بانکی بۆ هەموو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک ناخەنەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.