رۆژنامەی حوریەت: هه‌ولێرو به‌غدا هاوكارى توركیا ده‌بن له‌هێرشه‌ نوێیه‌كه‌ى بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان

کوردستان

12/03/2024‌ 2690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی حورییەتی تورکی ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی "تورکیا پلانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەهەرێمی کوردستان دادەڕێژێت‌و بەغداش پاڵپشتی هەواڵگریی پێشکەشدەکات" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان، چەندین گەڕی دانوستان لەبەغدا‌و هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرپرسانی تورک‌و عێراقییەکان بەڕێوەچوە.


ڕۆژنامە توركیه‌كه‌ نوسیویه‌تى، "قۆناغی بەرایی ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی تورکیا لەباکوری عێراق (باشورى كوردستان) کە دەبێتە هۆی داخستنی تەواوەتیی سنوری تورکیاو عێراق‌و تەنگ بەگەریلاکانی پەکەکە هەڵدەچنێت، هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچونی گفتوگۆی سیاسیی سەبارەت بەسوریا کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لێیە، کە ئەنكەرە بەدرێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستانیان دەزانێت.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێش ئۆپەراسیۆنەکە، ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی لەبەغداو حکومەتی هه‌رێمى کوردستان لەهەولێر کە لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە کۆنترۆڵکراوە، کراوەو تورکیا پێشبینیدەکات، لەماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا سنورە 378 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ عێراق بەتەواوی دابخرێت، هەروەک جەختیشیکردۆتەوە، بەغدا لەڕوی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا دەکات.

حوڕییەت ئاماژەی بەوەشکردوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاو ئیبراهیم کالن سەرۆکی ده‌زگاى هەواڵگریی تورکیا، لەواشنتۆن لەسەر میکانیزمی ستراتیژی تورکیا-ئەمریکی گفتوگۆیان کردوە، هەروەک لەنێو ئەو پرسە سەرەکییانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی تاوتوێی دەکەن، ئەو ئۆپەراسیۆنەیە کە لەعێراق‌و سوریا جێبەجێدەکرێت.