مه‌سرور بارزانى: پێویسته‌ تاوانى هه‌ڵه‌بجه‌ هانده‌ربێت بۆ داكۆكیكردن له‌قه‌واره‌ى هه‌رێم

کوردستان

16/03/2024‌ 989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌36مین ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت:"ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانەو تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەدژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردن‌و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو"، ده‌شڵێت:"پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لەیادبێت‌و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لەمافە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکانمان‌و پاراستنی قەوارەی هەرێم".


ئه‌مڕۆ 36 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى هه‌ڵه‌بجه‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند، "بەڕێزو شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەوشارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشوی عێراق‌و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

ده‌شڵێت:"ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانەو تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەدژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان‌و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لەیادبێت‌و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لەمافە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکانمان‌و پاراستنی قەوارەی هەرێم".

بارزانى باسى له‌وه‌شكردوه‌، "جێی داخ‌و نیگەرانییەکی قوڵە کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوه‌وه‌، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تائێستا ئامادەنین بەشێوەیەکی شایستە قەرەبوی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەو قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال‌و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە، کە ئەوە مافێکی ڕەواو دەستوریی خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تائێستا ئامادەنین ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجەش تەواوبکەن".

مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌شى ئاماژه‌ پێكردوه‌، "خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بەئەرکی خۆمان دەزانین‌و مانگی ڕابردوش لەکاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانەدا کە لەلایەن پارێزگارو بەرپرسانی کارگێڕیی دەڤەرەکە خرانەڕوو، هیوادارین لەداهاتودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەرو قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین".

له‌كۆتاییدا بارزانى نوسیویه‌تى:"شەهیدانی هەڵەبجەو هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لەیادمانن‌و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان‌و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان‌و لەبیر دەوڵەتی عێراق‌و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوەو دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبوی خەڵکی کوردستان بکەنەوە".