پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات یان ناهێڵێت هەڵبژاردن بکرێت؟

ڕاپۆرت

18/03/2024‌ 2837 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە پێشهاتێكی تا رادەیەک چاوەڕوانکراو و نوێدا پارتی دیموکراتی کوردستان وێرایە هەڕەشەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەکات و وەک خۆی ڕایگەیاندوە ئامادە نین بچنە هەڵبژادنێکی " نادەستوریی و سیستمێکی سەپێنراوەوە".

ئەم هەڵوێستەی پارتی بۆ بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی هەرێمی کوردستان وەک شۆکێکی سیاسی وابوو، چونکە بەشێکیان پێیان وایە پارتی بەم هەڵوێستەی بزمارێکی گەورەی لە تابوتی دەسەڵاتی سییاسی خۆیداوەو وردە وردە بەرەو پەراوێزخستنی یەکخاری هەنگاو دەنێت وێرای ئەوەی پارتێکی حساب بۆکراو و گەورەی گۆرەپانی سیاسی عێراقە لەڕوی هەژمون و ژمارەی دەنگدەر و بڕیاری سیاسیەوە.

ئەگەر چێ هێشتا زوە بۆ ئەوەی حزبەکانی تر بۆچونی خۆیان لەسەر بڕیارەکەی پارتی ئاشکرا بکەن، بەڵام بە پێی وتەی چاودێران ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پاڵ بڕیارەکەی پارتیدا ئەستەمەو ئەگەرێکی زۆر لاوازە.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن گەورەترینی حزبی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر نیەت و ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن هەبێت ئەوا پارتی ڕێگر دەبێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە بێ خۆی، یان لانیکەم ڕەنگە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا ڕێگە نەدات هەڵبژاردن ئەنجام بدەێت.

ئەگەرەکانی بەردەم هەڵبژاردن لە ئێستادا بە تەواوی گۆراون و سەرجەم هێزە سیاسیەکان چاوەرێی کاردانەوەی دوای بڕیارەەی پارتی دەکەن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش پێویستە قسەی جدی هەبێت لەسەر بڕیارەکەی پارتی.

بەشێکی تر لە چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارەی پارتی بڕیارێکی دیراسەکراوەو لە خۆوە نییە، ڕەنگە بۆ تێپەراندنی دۆخێکی گەورەتر ئەم بڕیارەی دابێت و بە ئەگەری زۆرەوە لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک دەست پێدەکەن.

پارتی لە ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەگەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵبژاردن و موچەی موچە خۆران هەموار نەکرێتەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراقیش دەکشێتەوە، کە بە پێی رای شارەزایان ئەمە کردنەوەی دەرگایەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر بڕیارەکانی دادگا لەڕوی سیاسیەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ گفتوگۆی سیاسی دەتوانێت بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بخاتەوە بەردەم هەموارکردن، یان پارتی هێندەی کارتی فشار پێیە کە لایەنە عێراقیەکان ناچار بکات بۆ هەمواری بڕیارەکانی دادگا؟

بەشێکی تر لە ڕاگەیەنراوەکەی پارتی ئاماژەیە بە لابردنی کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، کە پارتی بە کارێکی ناڕەوا ناوی دەبات، بەڵام سەرجەم هێزەکانی تری هەرێـمی کوردستان کە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن پشتیوانی بڕیارەکای دادگا دەکەن و پێیان وایە ئەو کورسیانە لە بەرژەوەندی پارتی بەکار هاتوون وس ئێستا پارتی پێداگرییەکەی تەنها بۆ زیادکردنەوەی کورسیەکانی خۆیەتی نەک مافی پێکهاتەکان.

هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە بەردەم یەکلاکردنەوەی چارەنوسیدایە و دوو گریمانە کراوە دەبن، یان پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات و حزبەکانی تر هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، لەم گریمانەیەدا پارتی ڕێگر دەبێت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە سنوری زۆنی زەرد کە ئەوەش بە واتای ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەیی یەکجارەکیە، یان ئەوەیە هەڵبژاردن جارێکی تر دوا دکەوێت و ئەنجام نادرێت لە کاتی دیاریکراودا، کە ئەم گریمانەیان دەستی دادگای فیدراڵی واڵا دەکات بۆ هەر بڕیارێکی تر دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری بەسەرچونی ماوەی کارکردنی هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان.