یەکێتی: دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت

کوردستان

19/03/2024‌ 512 جار خوێندراوه‌ته‌وه


مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت " ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت ، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەپاش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت "کۆبوونەوە  پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت ، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشی کردەوە  پاراستنی قەوارەکەمان  لە هەڕەشە و مەترسی،  تەنها لەرێی گەڕانەوە  بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک".

باس لەوەشکراوە "کۆبوونەوەکەی  مەکتەبی سیاسیی هەڵوەستەی  لەئاستی ئەو راستیەشدا  کرد کە ئەزموونی  زیاتر لە سێ دەیەی  کوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت".

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی 
 
بەسەرپەرشتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی  کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی  دوا ئامادەکاری  یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤  لە هەرێم بکرێت.
 
 کۆبوونەوەکە  پێداگری کردەوە  لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
 
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی  کە ئەمرۆ (١٩-٣-٢٠٢٤) لە دەباشان بەرێوەچوو وێرای وەبیرهێنانەوەی  ئامادەگەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردن،  تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنهاو تەنها  رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا.
کۆبوونەوە  پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت ، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشی کردەوە  پاراستنی قەوارەکەمان  لە هەڕەشە و مەترسی،  تەنها لەرێی گەڕانەوە  بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.
 
کۆبوونەوەکەی  مەکتەبی سیاسیی هەڵوەستەی  لەئاستی ئەو راستیەشدا  کرد کە ئەزموونی  زیاتر لە سێ دەیەی  کوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٩-٣-٢٠٢٤