لە عێراق فرۆشتنى بەنزین کرایە کارتى بانکى

کوردستان

22/03/2024‌ 360 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وەزارەتى نەوتى عێراق بڕیاری دا لە مڕۆوە (22ى ئاداری 2024) فرۆشتنى هەردوو جۆرى بەنزینى سوپەر و موحەسەن لە بەنزینخانەکان لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنیی بانکییەوە بێت، واتە چیدی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بە کاش نافرۆشرێت.
 
رۆژی 21ى ئادارى 2024 کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەم نەوتییەکانى سەر بە  وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە لە 22ى ئادارەوە و لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق فرۆشتنى بەنزینى سوپەر و موحەسەن لە رێگەى کارتى پارەدانى ئەلیکترۆنى POS بێت، کە کارتى بانکییە. 
 
ئەو بڕیارە بەنزینخانە حکومى و ئەهلییەکانیش دەگرێتەوە، بەوپێیەى بەنزینخانە ئەهلییەکان گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتى نەوت هەیە بۆ ئەوەى بەنزینى موحەسەن و سوپەریان پێ بدرێت بەو مەرجەى بە رێگەى پارەدانى ئەلیکترۆنى بیفرۆشنەوە.
 
ئەو بڕیارە بەو شێوەیەیە کە بە ناچارى دەبێت بۆ کڕینى بەنزینى سوپەر و موحەسەن کارتى ئەلیکترۆنى پارەدان بەکاربهێندرێت و بە پارەى نەختینە نافرۆشێت، بەڵام فرۆشتنى بەنزینى نۆڕماڵ بە هەردوو رێگەى کارت و نەختینە دەبێت.