شارپرێس:
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئاشکرایدەکات، نووسراو بۆ هەموو وەزارەتەکان کراوە، لیستی موچەی فەرمانبەران بەپلەبەرزکردنەوە ئامادەبکەن، دەشڵێت:"فەرمانبەرێک ئێستا شایستەی چ پلەو مەرتەبەیەکە، دەبێ ئەوە لهلیستەکە دیاربکرێت".
محەممەد عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لەوەزارەتی داراییو ئابوریی حكومهتی ههرێم ڕایگەیاند، "دوێنێ یەكشەممە 24ی 3ی 2024، بەنوسراوێکی فەرمی کە بەواژۆی وەزیری دارایی دەرکراوە، داوا لەهەموو وەزارەتەکان کراوە، لیستی موچەی فەرمانبەران بەپلەبەرزکردنەوە بۆمان بنێرن".
ئاماژەی بەوەشدا، "نوسراوەکە بۆ وەزارەتەکان نێردراوە، کە بەزوترینکات لیستی موچە بەگوێرهى شایستەی پلەبەرزکردنەوە بۆمان بنێرن".
وتیشی:"ئەو لیستەی دەنێردرێ، هاوتەریبە لەگەڵ لیستی موچەی مانگی سێ، بەڵام لیستەکە جیاوازەو بەپلەبەرزکردنەوە دەبێ بکرێ، فەرمانبەرێک ئێستا شایستەی چ پلەو مەرتەبەیەکە دەبێ ئەوە لهلیستەکە دیاربکرێت، واتا بەگوێرهى کاتی شایستەبونی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر بکرێت، ئەو بابەتە هەندێک كاری دەوێت، بەڵام داوامان لەوەزارەتەکان کردوە بەزوترینکات لیستەکان بنێرن، ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێدەکەینو دەبێت حکومەتی عێراقیش پابەندبێت بەپێدانی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران".
دوای قەیرانی دارایی، لهساڵی 2016وە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگیراوە، تەنها سەرموچە دەکرێ، بەگوێرهى زانیارییەکانیش، خەمڵاندنی پارەی بەرزەموچەی فەرمانبەران مانگانە چەندین ملیار دینارە.
بەگوێرهى یاساو ڕێنماییهكان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەنێوان چوار بۆ پێنج ساڵ جارێک دەبێت، کە بەو هۆیەوە ناونیشانی (وەزیفە)کەیان پێ دەگۆڕێتو موچەکەشیان بۆ زیاددەکرێت.