کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی گۆڕان تووشی ململانێیەکی تووند بوون و ئاڕاستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا شکستیان هێنا

کوردستان

25/03/2024‌ 2017 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی خۆیەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆنفرانسی ناوخۆییە لە شارو شاروچکەکان و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیشیان ڕووبەڕووی ململانێ و کێشە و دەستەگەرایی ئاشکرا بۆتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست شارپرێس کەوتووە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوشێوەی کۆنفرانسی نیشتمانیی، دوو ئاراستەی دژ بە یەک لە ململانێیەکی تونددان و دەستەیەک مەبەستیانە ئاراستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا و کەسە نزیکەکانیان باڵا دەست بن و دەستەیەکی تریش بە تەواوی هێزەوە دژایەتی ئەو دەستە و ئاراستەیە دەکەن.

سەرچاوەکەی شارپرێس کە لە ناوەندی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە نزیکە باسی لەوەکرد لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان هەڵبژاردنی ناوخۆیی مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچووە و لەزۆربەی مەکۆکانیش ئاراستەی "دژە تەوریسی سیاسی" سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کەئەمەش نیگەرانی زۆری کوڕانی نەوشیروان مستەفا و کەسە نزیکەکانی لێکەوتۆتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکەی شارپرێس ئەو بەرەیەی کە ئەوان بە " بەرەی تەوریسی سیاسی " ناوی دەبەن راستەوخۆ لەلایەن خودی چیا نەوشیروان مستەفا و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و کەسی نزیک و متمانەپێکراوی کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە سەرپەرشتی دەکرێت و کاندیدەکانی مەکۆکان دیاریدەکرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی ئەوانە تا ئێستا زۆربەی کاندیدەکانیان لە مەکۆکان شکستیان هێناوە و نەبونەتە جێی متمانەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان.

بە پێی زانیارییەکانی شارپرێس تا ئێستا لە شارۆچکەکانی " چۆمان، شەقڵاوە، شارەزوور و شارباژێڕ و دەربەندیخان و کفری و دوزخورماتوو، کۆیەو ڕەواندوز و زاخۆ و کەلار و کەرکوک و بنەسڵاوە" هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و ئاراستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا دووچاری شکستی گەورە بونەتەوە و نەیانتوانیوە دەنگی هەڵسوڕاوانی شارۆچکەکانیان بەدەستبهێنن.

سەرچاوە باڵاکەی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر بۆ شارپرێس ئەوەی ئاشکراکرد کە" لەرێگەی بەکارهێنانی پێگەی دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتەوە، کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات بۆ ئاراستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، پارەی حکومەت و دەزگا فەرمییەکان خەرجکراوە و بەڵێنی دامەزراندن و پێدانی پلە و پۆست دراوە بە هەڵسوڕاوان لە هەندێک ناوچە کە دۆخی ئەو ئاراستەیە خراپە".