به‌غدا بڕیارێكى ده‌ركردو هه‌رێمیشى پابه‌ندكرد به‌جێبه‌جێكردنى

کوردستان

26/03/2024‌ 11813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق له‌ڕێگه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكه‌وه‌، گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم‌و عێراق ڕاگرت‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌م بڕیاره‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌و ده‌بێت پێوه‌ى پابه‌ندبێت".



به‌گوێره‌ى ڕونکردنەوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕاگرتنی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەنێوان پارێزگاکانی عێراق بەمەبەستی ڕێکخستنی کارەکانە وەکو ئامادەسازییەکه‌ بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان‌و خانوبەرە کە بڕیاروایه‌ ئەمساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه‌وه‌ ئاشكراكراون، ڕاگرتنی گواستنەوەکە، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه‌وه‌ وتویه‌تى، "بڕیارەکە بەهاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان‌و بۆ ڕێگریکردنە لەو ڕێگریی‌و کارانەی کە ڕەنگە ببنە هۆکارێک بۆ شێواندن یان بردنی کاتی زیاتری فەرمانبەرانمان لەکاتی تۆماری ئەلیکترۆنی‌و سەرژمێریی دانیشتوان، بۆیە ڕاگرتنی گواستنەوەی باری شارستانی بۆ ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکانمانە".

لەساڵی 2009وە، حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بکات، بەڵام ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ڕێگربوە لەوه‌ى ئەنجامنه‌درێت.