عەبدوڵای حاجی مەحمود بۆ شارپرێس: هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات هێرشیان کردە سەر ماڵەکەم و کوڕەکەم بریندارە

کوردستان

04/04/2024‌ 1166 جار خوێندراوه‌ته‌وه


عەبدوڵای حاجی مەحمود لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس رایگەیاند، هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوڵەخانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەم.

هەروەها دەڵێت هێزەکە بەچەکی دۆشکە و بیکەیسی و ئارپیجی لێیانداون و کوڕە گەورەکەی بریندارەو شەڕ بەردەوامە.

عەبدوڵای حاجی مەحمود ئاشکرایکرد هێرشەکە بەفەرمانی راستەوخۆی محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان هێزێكی زۆری ئەمنی لە سلێمانی و هەڵەبجەوە رەوانەی گوندی گوڵەخانە كرا بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشی گوندەكە.

فەرهاد تۆفیق وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكدا دەڵێت پێشمەرگەیەكیان كوژراوە و یەكێكی دیكەش بریندارە.

دەشڵێت هێرشەكە لەلایەن هێزەكانی عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە كراوە و هێزەكانی ئێمەش وەڵامیان داوەتەوە.

ئەمڕۆ لە گوندی گوڵەخانە كۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموكرات بەسترا، بەڵام رێگا نەدرا عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری پێشووی سەرۆكی پارتەكە بەشداری بكات.

پێرێ شەو هێزێكی چەكداری جێگری پێشوو بە سەرپەرشتی كوڕی عەبدوڵا حاجی مەحمود گەڕانەوە گوندی گوڵەخانە و چوونەوە نێو ئەو خانووەی بە گوتەی خۆیان لەلایەن هێزەكانی سۆسیالیستەوە دەستی بەسەرداگیراوە و بەهۆشیەوە گرژی روویدا.