شارپرێس
مەترسیی ڕادەستکردنەوەی خوشک و برایەکی پەنابەری
سیاسیی کورد، لە وڵاتی سوید بۆ ئێران لە ئارادایە و ئەو دوو پەنابەرە کە پێشینەی
چالاکی سیاسی و کولتوورییان هەیە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەیان لەگەڵ سەپاندنی سزای
قورس بەسەریاندا ڕووبەڕوو دەبنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
بڵاویکردەوە، دوای ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەری دوو چالاکی مەدەنی و سیاسیی خەڵکی
شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوەکانی نەرگس و ئیدریس هاشمی، لەلایەن ئیدارەی پەنابەری
سویدەوە، مەترسیی ڕادەستکردنەوەی ئەو دوو پەنابەرە بۆ ئێران هاتووەتە ئاراوە.
پێش ئەوەش، ئیدریس و نەرگس
هاشمی، بەهۆی چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانیانەوە لەژێر بەدواداچوونی دەزگا ئەمنی
و دادوەریییەکانی کۆماری ئیسلامی داندرابوون و ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بەمەبەستی وەرگرتنی
پەنابەری ڕۆیشتنە وڵاتی سوید و هەر لەو ساڵەدا داواکاری پەنابەرییەکەیان ڕەتکراوە.
دۆسیەی ئەو خوشک و برا
دوای چەند ساڵ ناڕوونی جارێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا، بە ڕەتکردنەوەی
داواکەیان لەلایەن ئیدارەی پەنابەری سویدەوە ئێستا لەگەڵ مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان
ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
هۆشداریدەدات لەوەى، لەگەڵ ڕادەستکردنەوەیاندا ئەگەری ئەشکەنجەدان و سەپاندنی هەر
چەشنە بەسەریاندا هەیە و داوای سەرنجدانی خێرای ڕێکخراوە و ناوەندە نێونەتەوەیییەکانی
مافی مرۆڤ بەتایبەت ناوەندەکانی پاڵپشتی لە مافی پەنابەران دەکات.