شارپرێس:
لەسەر داوای حکومەتی عێراق، تیمی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ لێکۆڵینهوه لەتاوانەکانی گروپى تیرۆریستى داعش کە بە(یونیتاد) ناسراوە، کۆتایی بەکارەکانی دەهێنێت، چالاكوانێكى بوارى ڕێكخراوهییش ڕایدهگهیهنێت، "ئهو بڕیاره زیانێكى گهوره بهكهیسو پرسى بەجینۆسایدناساندنی تاوانهكان دژى کوردانی ئێزدی دهگهیهنێت، چونكه دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ تائێستا لەشنگال ماون"، دهشڵێت:"بڕیارەکەی عێراق هەوڵێکه بۆ ئەوەی کەیسی تاوانەکانی دژ بەکوردانی ئێزدی ونبکرێت".
بهگوێرهى سهرچاوهكانى ههواڵ، تیمی یونیتاد ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر داوای عێراق پێکهێنرا، هەرچەندە چاوەڕواندهكرا چەندین ساڵی دیکە کاربکات، بەڵام بەهۆی تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت، سەرجەم کارەکانی ڕاگرتوەو ئامادەکارییش دەکات بۆ ئەوەی لەدوو مانگی داهاتودا بەتەواوی بکشێتەوە.
زانیاریهكان باس لهوهدهكهن، تائێستا 11 وڵات کومەڵکوژی کوردانی ئێزدییان بەجینۆساید ناساندوە، یەکێک لەپاڵنەرە سەرەکییەکانیش بەڵگە سەلمێنرەکانی یونیتاد بوە، لهوبارهیهوه خەیری عەلی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پێتریکۆر بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژهى بهوهداوه، "کشانەوەی یونیتاد زیان بەکەیسی ئێزدییەکان دەگەیهنێت، چونکە تائێستا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لەشنگال ماون، لەگەڵ ئەوەش هێشتا 80%ی ژێرخانی ئەو قەزایە وێرانە".
جهختیشیكردهوه، "بڕیارەکەی عێراق هەوڵێکه بۆ ئەوەی کەیسی تاوانەکانی دژ بەکوردانی ئێزدی ون بکرێتو لەئاستی نێودەوڵەتیشدا لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە ڕابگیرێت".
لاى خۆیشیهوه، حکومەتی عێراق کۆتاییهێنانی ئەرکی یونیتاد بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە هەماهەنگی باشی لەگەڵ نەکردونو بەڵگەکانی لەگەڵ هاوبەش نەکردون.
ههروهك باس لهوهشدهكرێت، لهئهگهرى پاشهكشهى یونیتاد-دا، دەبێتە هۆی ئەوەی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی ڕوبەڕوی کێشە ببێتەوە، چونكه تائێستا ملیۆنان بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعش کۆکردوەتەوەو هێشتا تەواو نەبون، ههروهها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی لەتیمەکانی ناوخۆ دەکرد بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانو لەمەودوا ئەو پشتیوانییەش دەوەستێت.