دوایین زانیاریی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوک

کوردستان

07/04/2024‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی رایگەیاندووە، دوای گەڕانەوەی سودانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک یەکلایی دەکرێتەوە، هەروەک ئەندامێکی تورکمانی ئەنجوومەنەکە جەخت لە زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆسیەکە دەکات.

حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە: دانوستانەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگیراون، پێشبینیش دەکات دوای گەڕانەوەی ناوبراو لە واشنتۆن ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە .

هەروەک دەڵێت: دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیران لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی تری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەئامادبوونی کوتلە براوەکان ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش ئەم هەفتەیە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی مانگی رەمەزان و پشووی جەژنی رەمەزان، ئەمەش مانای وایە سێیەم کۆبوونەوە دەکەوێتە دوای ئەم ماوەیە.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، ئەحمەد رەمزی ئەندامی پێکهاتەی تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنی شەممە لەلێدوانێکدا بە پێگەی ىەغداد ئەلیەومی راگەیاندووە: بابەتەکان بەرەو زیاتر ئاڵۆزبوون دەچن و هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەری قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک نییە.

ئاشکراشی کردووە کە هەردوو پێکهاتەی کوردی و عەرەبی سورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەوەی دەبێت پۆستی پارێزگای شارەکە بۆئەوان بێت و هیچ لایەنێکیش ئامادە نییە لەپێناو هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک سازش بکات.

بەوتەی ئەو، پێدەچێت سایەی سازشنەکردنی لایەنەکان لەسەر بۆچوونەکانیان، پێشنیازی تورکمانەکان بەوەی پێویستە پۆستە سەرەکییەکان لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکە (کورد، تورکمان و عەرەب) دەستاودەست بکرێت، نزیکترین پێشنیاز بێت لە چارەسەرەوە، بەتایبەتیش کە لایەنی کوردی و عەرەبی هەیە پشتیوانیی ئەو بیرۆکەیە دەکەن و بەدەر لەوە هیچ چارەسەرێکی تر لەئارادا نییە.