لەهەولێر کێشەکانى زەوی و زار چارەسەر دەکرێن

کوردستان

07/04/2024‌ 480 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2024.4.7، به‌سه‌رپه‌رشتی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و بەئامادەبوونى ئه‌ندامانی لیژنه‌، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیی و نەهێڵانى زێدەڕۆیی و سەرپێچى لە سەر موڵکى گشتیی، کۆبوونەوەى چارەسەرى  کێشەکانى زەوی و زار له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئەنجامدرا.

بەپێی راگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەی زەویی و زاری موڵکی گشتیی کرا و هەروەها جەخت لە ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچی بۆ سەر موڵکى گشتیى کرایەوە.

پاشان ڕاسپاردە و بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و چارەسەرى کێشەى زەویی و زارى موڵکى گشتیى و پۆلێنکردنى زەوییەکانى شارەوانی و کشتوکاڵی و نیشانکردنى حەرەمى گوند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دووپاتى لەسەر کرایەوە.