دوو کۆڵبەر لە بانەو هەورامان بریندار بوون

کوردستان

07/04/2024‌ 114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی فەردین وەیسی و ئەحەدی، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییە سنوورییەکان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەردین وەیسی کۆڵبەری خەڵکی سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێگیر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە مەودایەکی نزیکەوە کرایە ئامانج و بەسەختی بریندار کرا.

بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە سینگ، سک و دەستی بە گولەی ساچمەیی ئەو هێزانە پێکراوە و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.

هەروەها، کۆڵبەرێک بەناوی ئەحەدی خەڵکی گوندی هەورامانی تەخت سەر بە شاری سەوڵاوا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری تەتەی هەورامان بریندار بووە و لەلایەن خەڵکی حازر لەو شوێنە و کۆڵبەرەکانی دیکەوە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو بە جێگیر ڕاگەیەندراوە.