شارپرێس:
بۆ جارى سێیهم بازاڕى لهنگهى ههولێر ئاگریگرتهوه و بهرگرى شارستانیش ڕایدهگهیهنێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێکدەهێنرێت دواتریش قەبارەی زیانە ماددییەکان ئاشكرادهكرێتو ئێستاش ئاگرهكه كۆنترۆڵكراوه.
دوای تەنها 41 ڕۆژ لەئاگرێکی دیکەی گەورە کە بووە هۆی سوتانی تەواوەتیی زیاتر لە 200 دوکانی بازاڕەکە، بەیانیی ئەمڕۆ دوشەممە جارێكى دیكه ئاگر لەبازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوەو بەگوێرهى زانیاریهكانیش ئاگرهكهى ئهمڕۆ زیانی گهورهى لەدوکانەکانی نزیکەی پێنج فەرعی بازاڕەکە داوە.
لهوبارهیهوه کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر تایبهت به نها نیوزى وت:"تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هاوکاری تیمەکانی شارەوانیی و فەرمانگەکانی دیکەی حکوومەت و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خۆبەخش، توانرا کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە بکرێت".
وتیشى:"هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری مادی لێکەوتوەتەوە و ژمارەیەکی زۆری دوکانیش سوتاون، لەبیریشی نەکەین بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە توانراوە بەشێکی زۆری بازاڕەکە لەسوتانێكى گهورهتر بپارێزرێت".
وتهبێژى بهرگرى شارستانى ههولێر باسى لهوهشكرد، کاتەکە هاوکارێکی باش بوو بۆ ئەوەی بە خێرایی بتوانین ئاگرەکە بکوژێنینەوە و ئێستا قۆناغی ساردکردنەوەی شوێنە سووتاوەکان دەکرێت و هیچ مەترسییەکی سەرهەڵدانەوەی ئاگر نەماوە.
ئەمە سێیەمجارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە، یەکەمجار لە بەرەبەیانی ڕۆژى 25ی تشرینی یەکەمی 2018 ئاگرێکی فراوان لە بازاڕەکە کەوتەوەو سەرجەم دوکانەکانی بازاڕەکە سووتان کە ژمارەیان 2400 دوکان بوو، دووەمجاریش ئێوارەی سێشەممە 27ی شوباتی 2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوەو بەهۆیەوە زیاتر له 200 دوکان سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکران.