سەنتەری میترۆ: روماڵی ئاگركەوتنەوەكەی بازاڕی لەنگە هێزی ئەمنی توڕە دەكات

کوردستان

08/04/2024‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەنتەری میترۆ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی هەولێر رێگری و سوكایەتی بەرامبەر تیمی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات و لە شوێنی روداوەكە دوریان دەخاتەوە.

سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رێكەوتی 8ی نیسانی 2024، لەكاتی روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوە لەبازاڕی لەنگەی شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، رێگری دەكرێت لە هەندێك دەزگای میدیایی روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوەكە بكەن.

بە پێی سكاڵای ئەو دەزگایانە بۆ سەنتەری میترۆ، سوكایەتی بە تیمی میدیایی كەناڵی ئێن ئاڕتی ( هێرش قادر، محمد ئیسماعیل)، تۆڕی میدیایی ئێستا (دیاری حسێن، رێبین عەلی)، دەزگای ستاندارت (دیاكۆ حسێن)، ئاژانسی ئەنادۆڵ( هێمن حسێن، ئیحسان محمد)، وێستگە نیوز(شاهین فوئاد، ئەحمەد شاخەوان)، بوار نیوز (نەبەز رەشاد، ئیدریس جەرجیس) كراوە.

سەنتەرەکە دەشڵێت، رێگری هێزە ئەمنیەكان و سوكایەتی و دورخستنەوەی كەناڵەكانی میدیا لە شوێنی رووداوەكە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسانە لە روماڵكردن كە یاسای رۆژنامەگەری ئەو مافەی پێداون.

میترۆ سەركۆنەی هەموو جۆرە رێگری و سوكایەتییەك دەكات بەرامبەر بە دەزگاكانی میدیا و داواش لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێپرسینەوە بەرامبەر یاساشكێنی ئەو هێزانە بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەیان.