عەدنان موفتی: لابردنی کورسی پێکهاتەکان پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە

کوردستان

08/04/2024‌ 782 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا تیشک دەخاتە سەر دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.

موفتی سەرەڕای ڕەخنە لە پەرتەوازەیی لایەنی کوردی، بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییە دادگای فیدڕاڵیش بە "نا دەستوری" ناودەبات.

عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی  ڕایگەیاند، "بەشێک لە بڕیارەکان زیاد لە سنوری خۆیان ڕۆشتوون، چونکە هەندێک لەو بڕیارانە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی و بەشێکیشیان هی پەرلەمانی عیراقن، بەڵام دادگای فیدڕاڵ خۆی کردۆتە خاوەنیان ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە. دادگای فیدڕاڵی ڕاستە بڕیارەکانی کۆتایین، بەڵام دەستور لە سەرووی هەموو یاساکانەوەیە."

وتیشی، "دوو ماددەی گرنگ هەن لە دەستوردا کە یەکێکیان پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمەوە هەیە کە دەنگی بۆ دراوە؛ ماددەکە دەڵێت قەوارەی هەرێم پارێزراوە بە هەموو یاساکانیەوە؛ واتە پێش دەنگدان بە دەستور ئەمە جێگیرکراوە. بەڵام بە نموونە لابردنی کورسی پێکهاتەکان کە بە یاسا ڕێکخراوە و یەکێتی و پارتی دەنگیان لەسەر داوە؛ لابردنیان بە بڕیاری دادگا پێشێلکاری یاسای هەرێمی کوردستانە. پرسیار لەوەدایە کە کورسی کۆتاکان هەڵوەشایەوە، بۆچی کورسی پێکهاتەکان لە بەغداد و لە موسڵ هەڵنەوەشایەوە؟ لەمەوە تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تەفسیر دەکرێت کە جانبی سیاسی هەیە."

دادگای فیدڕاڵی عێراق دەڵێت دوور لە هیچ مەبەستێکی سیاسی و لە چوارچێوەی دەستوردا بڕیارەکانی دەدات.