سبه‌ینێ یەکەم ڕۆژی جەژن بارانبارین سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە

کوردستان

09/04/2024‌ 653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ئاشكرایكرد، سێشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەدوای نیوەرۆوه‌ بارانبارین دەستپێدەکات‌و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.


كه‌شناسى هه‌رێم ده‌ڵێت، "لەگەڵ بارینی باران، پێشبینیدەکرێت خێرایی با زیاد بکات بەتایبەتی لەناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی هەرێم، لەهەندێک ناوچەى دەشتى هەولێر (قوشتەپەو دیبەگە)و هەندێ ناوچەى ڕۆئاوای سلێمانى (بازیان‌و چەمچەماڵ)‌و له‌ئیدارەى ڕاپەڕین‌و قەزای کۆیەو دەوروبەریشى ئەگەرى بارانى بەلێزمە هەیە".

له‌زانیاریه‌كاندا هاتوه‌، "سه‌ره‌تا خێراى با مامناوەند دەبێت، لەکاتی بارانبارین بەرزدەبێتەوە بۆ سەروی 30 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، سبەینێ چوارشەممەش كه‌ دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، سەرەتا بارانبارین‌و هەورە بروسکە لەناوچە شاخاوییەکان‌و پارێزگای سلێمانى چالاک دەبێت پاشان سەرجەم ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە".