عەلی باپیر داوایەک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات و هۆشداری توند دەدات

کوردستان

10/04/2024‌ 773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان ڕایدەگەیەنیت، بەهۆی خراپ و سەقەت بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، هەرێمەکەمان زۆر بێ هێزو پێز بووە تاکە کارتێک بە دەستانەوە مابێ، بریتیە لە تەبایی نێو خۆمان و دەشڵێت: با هەرچی زووترە تێكدەرانی تەبایی و ئاسایشی سیاسیی نێوخۆ، قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە .

لە پەیامێکدا، کە بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزانەوە بڵاویکردەوە، عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان دەڵێت: پێویستە خەڵک و جەماوەرەکەمان بزانن، کە بە گشتیی خۆیان بەرپرسیاری یەکەمن لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و، بە دڵنیایی بەبێ هەڵوێستی دڵسۆزانەو بوێرانە نواندن بەرانبەر بە ستەم و خراپەو لادانەکان، خەتابار و سزا بارن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ڕابردووشدا خاوەن هەڵوێست بوونی خەڵک، ئەگەر بە ژمارەیەکی کەم و لە بازنەی چەند توێژێکیشدا بووبێ، کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ڕاچڵەکاندنی بەرپرسانی هەرێم و عێڕاق و، لاکردنەوەیان بەلای مافەکانی خەڵکدا بە تایبەت مووچە و ژیان و گوزەرانیان.

دەشڵێت: دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک و هاوڵاتییان بەبێ جیاوازیی، ئەرکی سەرشانی حکوومەت و بەرپرسانەو، بە کەمتەرخەمیی تێداکردنی، عەیبداری لای خەڵک و دنیاو، گوناهباری لای خواو قیامەت دەبن و، قسەی ئەملاولاش لەسەر خۆیان سوار دەکەن و، بەڵگە و بیانووشیان بە دەستەوە دەدەن، وەک لە ڕابردوودا بینراوە.

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى باس لەوە دەکات، بەهۆی خراپ و سەقەت بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، هەرێمەکەمان زۆر بێ هێزو پێز بووە تاکە کارتێک بە دەستانەوە مابێ، بریتیە لە تەبایی نێو ماڵى کوردى و دەڵێت: بۆیە با هەرچی زووترە تێكدەرانی تەبایی و ئاسایشی سیاسیی نێوخۆ، قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە و، چیدیکە بەهۆی یەکدی شکاندنەوە، خۆیان و هەرێمەکەش نەشکێنن.