پلەدارێکی هێزە ئەمنییەکان لە سەید سادق لە جەژندا براکەی خۆی کوشت

کوردستان

10/04/2024‌ 3440 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە سەیدسادق لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، 'لەسەر کێشەی خانوو' کەسێک براکەی خۆی دەکوژێت و رادەکات.
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە سەیدسادق دوو برا دەبێتە دەمەقاڵەیان و لە ئەنجامدا یەکێکیان ئەوی دیکەیان بریندار دەکات، تاوەکو گەیشتن بە نەخۆشخانە بریندارەکە گیان لەدەستدەدات، تیمەکانی پۆلیسیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
 
ناسیح عەلی خەیات، پوورزای کوژراوەکە بەمیدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی (ب. ع) دەیەوێت بچێت بۆ جەژنە پیرۆزە لە دایکی، بەڵام وریای برای رێگە نادات بیبینت و دەبێتە دەمەقاڵەیان. (ب. ع) دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی و دواتر بە چەکی M4 دەگەڕێتەوە، تەقە لە براکەی دەکات و سێ فیشەکی لێدەدات."

ناسیح عەلی خەیات، سەبارەت بە کێشەی ماڵی پووری وتی، کێشەکە "لەسەر خانوویەکی بچووکی وەرەسەیە،" کە 10 ساڵە ئەو کێشەیە بەردەوامە و دوای چەندجارێک هەوڵدان، نەتواندرا چارەسەر بکرێت، ئەمڕۆ وریا بەهۆیەوە کوژراوە.
 
بکوژ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، پلەی هەیە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
 
وریا عەبدوڵڵا تەمەنی 32 ساڵە، خێزاندار نییە و راهێنەری مەلەوانی بووە؛ شەش برای هەیە.