ئەردۆغان شكستەكەی بەهێرشكردنەسەر باشوور و رۆژئاوای كوردستان قەرەبوو دەكاتەوە

کوردستان

10/04/2024‌ 1463 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دانیشتوانی ژمارەیەك ناوچە لە هەرێمی كوردستان ترسی ئەوەیان هەیە كە شكستی حزبەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان كە لەم دواییانەدا لە توركیا بەڕێوەچوو، بێتە هۆی پەلەكردن لە دەستپێكردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەی كە ئەردۆغان هەڕەشەی كردبوو دژی پارتی كرێكارانی كوردستان دەستیپێبكات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیای عەرەبی، ئەم ترسە لەسەر بنەمای مێژووی سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانە لە هەناردەكردنی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی ناوخۆی بۆ دەرەوە، بەتایبەت  زیادكردنی جوڵەكانی دژی باشوور و رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی گرتووە.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی توركیا خواستی خۆی نوێكردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر هێرشەكانی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان ئەوەشی بە شەڕی پەكەكە و داعش ناوبرد.

حكومەتی عێراق هەنگاوی چۆنایەتی بەرەو پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ توركیا سەبارەت پارتی كرێكارانی كوردستان ناوە.

ئەردۆغان لە رێوڕەسمێكی بەربانگیشدا لە کۆتاڕۆژەکانی ڕەمەزان جارێكی دیكەی هەڕەشەی لە پەكەكە كرد‌و گوتی: لە ئایندەی توركیادا ئەو رێكخراوانە جێگەیەك ناگرن.