باندێكى ساخته‌كردنى دراو ده‌ستگیركران

کوردستان

11/04/2024‌ 2300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە ڕادەگەیەنێت.

هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی/ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، دوای چاودێری وورد و بەدواداچوون، توانیان باندێکی چوار کەسی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیربکەن.

هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەچەند هەڵمەتێکدا توانیان سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکەن، کە لەمانگی ڕەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دووکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساغکردنەوەی پارە تەزویرەکەیان و دیناری عێراقیان وەرگرتۆتەوە.

ئاسایش ده‌ڵێت:"لەژێر چاودێری هێزەکانمان و بەمەبەستی دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی باندەکە و کۆکردنەوەی سەرجەم دراوە تەزویرەکە، توانرا سەرجەمیان دەستگیربکرێن و دەستبەسەر تەواوی پارەکەشدا بگیرێت".

ئه‌وه‌ش ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان (24 بۆ 30) ساڵیدایە و دانیشتووی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن، لەئێستادا سەرجەمیان بە ماددەی (281) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە".

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیان دەکات، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی دراوی ساختە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە (هێڵی گەرمی ئاسایش ژمارە (106)، پەیجی فەرمی دەزگای ئاسایش".