شارپرێس
وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کەرتی
تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتان بەردەوام لە پێشکەوتندایە لە ڕووی
پسپۆڕی و ئامێر و ژێرخانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دەشڵێت: شۆڕشێکمان
لە بواری چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا کردووە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، کەر
تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتان بەردەوام لە پێشکەوتندایە لە ڕووی
پسپۆڕی و ئامێر و ژێرخانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەوەی بتواندرێت
چارەسەری نەخۆشەکانی پێ بکرێت، چونکە پێشتر
ھەندێک خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بوونیان نەبوو وەکو ھەندێک نەشتەرگەری و
پشکنین و ھەندێک ئامێر و پسپۆڕی، بەڵام ئێستا لە زۆرینەی بوارەکان وەکو پسپۆڕییەکانی
بواری پزیشکی و نەشتەرگەری، پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ئێستادا لە عێراقیشەوە
بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
وەزیرى تەندروستى وتیشى: بۆ کوالیتی دەرمانیش ئێمە
هەر زوو دەستمان پێکرد و سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکان، بۆ یەکەمجار چەندین چاکسازی لە
بواری دەرمان و پێداویستیی پزیشکی کرا، بۆیە لە هەرێمی کوردستان شۆڕشێکمان لە بواری
چاکسازیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیدا کردووە.
سامان بەرزنجى دەشڵێت: ھاوردەکردنی دەرمان ھەر
وا بە ئاسانی نییە و ھەر دەرمانێک بێتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی کۆمەڵێک رێنمایی،
پشکنینی بۆ دەکرێت ئەو کات رەزامەندی لەسەر دەدرێت و ستیکەری لێدەدرێت و دەکەوێتە
بازاڕەوە، بۆیە ھەر وا بە ئاسانی دەرمان ناتواندرێت ھاوردەی ھەرێم بکرێت، چونکە پێویستە
سەرچاوەی دەرمانەکە دیار بێت و ئەگەر دیار نەبێت، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک وەریناگرین.