وه‌زاره‌تى ناوخۆ هاوڵاتیان له‌پرسێكى گرنگ ئاگادارده‌كاته‌وه‌

کوردستان

12/04/2024‌ 2855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌مه‌ودوا كارتی نیشتمانی ده‌بێته‌ بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك"، به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش نوێترین بڕیاریان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.

نه‌شئه‌ت ئیبراهیم خه‌فاجی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و نشینگه‌ی عێراق، به‌ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی وتوه‌، "هه‌ماهه‌نگی پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كارتی نیشتمانی ببێته‌ بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك".

خه‌فاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بنه‌مای حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی، راستی و دروستی زانیارییه‌كانی نێو كارتی نیشتمانییه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ وێنه و په‌نجه‌مۆر بوونی هه‌بێت، كه‌ پێشتر ئه‌مانه‌ له‌ نێو ناسنامه‌ی باری شارستانی بوونیان نه‌بووه‌، ئاسانكاریش بۆ هه‌موو هاووڵاتییان كراوه‌، كه‌ ببن به‌ خاوه‌نی كارتی نیشتمانی.

ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتریش عه‌مید میقداد میری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، تاوه‌كو یه‌كی مانگی ئاداری ئه‌مساڵ 2024، 36 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی كارتی نیشتمانییان ده‌ركردووه‌ و نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقیش ماون كارتی نیشتمانیان بۆ ده‌ربكرێت، هاوكات لەسەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و 657 هەزار كەسیش كارتەكەیان بۆ دەركراوه‌.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه‌، بەنیازن دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانی بگۆڕن و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی رەنگاوڕەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی.