تا ئێستا نزیكبوونەوە لەنێوان لایەنەكانی كەركوك نەهاتووەتە ئاراوە

کوردستان

12/04/2024‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه



 بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكەركوك ڕایدەگەیەنێت، كارنامەی پێكهاتەكانی كەركوك كە پێشكەشی سەرۆكوەزیرانی عێراقییان كردووە بۆ ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دوورە لەیەكترییەوە و تا ئێستا نزیكبوونەوە لە نێوان پێكهاتەكاندا نییە.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكەركوك، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"گفتووگۆی نافەرمی لەنێوان پێكهاتەكان هەیەو سودانی چاوەڕوانی لەیەكترنزیكبوونەوەی لایەنەكانە، ناكرێت دۆخی ئێستای كەركوك بەردەوامی هەبێت، چونكە نەتوانراوە ئەنجامی هەڵبژاردن تەرجەمە بكرێت و خواستی دەنگدەری كەركوك جێبەجێ بكرێت."

ڕۆژی 3 ی مانگی 3 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری كورد، عەرەب و توركمان كۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕێككەوتن كراوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەكان لەپێناو گفتووگۆكردن لەسەر كارنامەكانیان تا لەماوەی دوو هەفتەدا لەسەر كارنامەیەك ڕێكبكەون.

هەرچەندە بڕیاربوو سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سێیەمجار لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكانی كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانی كەركوك كۆبوونەوەی سێیەم بۆ دوای سەردانەكەی ئەمەریكای سودانی دواخرا.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە كەركوك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە،  ڕایگەیاند،"عەرەب و كورد داوای پۆستی پارێزگار دەكەن، توركمانیش بە دوو كورسییەوە داوادەكات پۆستەكە هەر 16 مانگ جارێك لای پێكهاتەیەك بێت و 5 پۆستی ئیداری و ئەمنیشی پێبدرێت."

دەشڵێت،"كارنامەی لایەنەكان دوورە لەیەكترییەوە و هیچ ڕێككەوتنێك ئەنجام نەدراوە."

ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆكی پارتی ئامانجی نیشتمانی عەرەبی لەكەركوك، ڕایگەیاند،"تا ئێستا هیچ ڕێككەوتن و نزیكبوونەوەیەك لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك نییە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، ڕەنگە ئەم دۆخە تا مانگی 6 درێژە بكێشێت."

ئەو وتیشی،"عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەكات، بەڵام ئاراستەیەك هەیە پۆستەكە دوو ساڵ لای كورد و دوو ساڵ لای عەرەب بێت، ڕەنگە كەسایەتییەكی بێ لایەنیش لە كۆتاییدا بكرێتە پارێزگارو هەموو لایەنەكان پێی ڕازی بن."