نوێترین لێدوانى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌

کوردستان

18/04/2024‌ 3621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەمنزیكانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوەو دەشڵێت، "لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگانەی دەکەونە هەرێمی کوردستان کارادەکەینەوە".


حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق له‌لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، "پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگانەی دەکەونە هەرێمی کوردستان کارادەکەینەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەگفتوگۆداین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، هاوكات بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەگوێرەی بودجە، 400 هەزار بەرمیل نەوتە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وەزارەتی کارەبا گرێبەستی لەگەڵ یەکێک لەکۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی غاز لەیەکێک لەکێڵگەکانی هەرێم واژوکردوە".

وەزیری نەوت ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم كراوەو بەمنزیكانە دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، نوسراوێكیشمان ئاراستەی هەرێم كردوە كە نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەبۆری‌و لەڕێگه‌ی بەندەری جەیهانەوە دەبێت".

لاى خۆیشیه‌وه‌ مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە"ئەپیکور"، لەبارەی سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن‌و هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان؛ ئاشكرایكرد، "هەفتەیەکی باش بوو لەواشنتۆن کە تێیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بایدنی بینی، هەموان دەزانن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی تورکیا-عێراق بۆ هەردوو سەرکردەکە گرنگە".

به‌وته‌ى مایڵز کاگینز، "پێش چەند مانگێک ئێمە لەوە دڵنیانەبوین کە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەبێتە بابەتی ئەجێندای کۆبونەوەی سودانی‌و بایدن؛ بەڵام بوو بەیەکێک لەباسەکان، کۆشکی سپی باسی ئەم بابەتەی بەڕونی کردوەو دەڵێت دەبێت بەزوی چارەسەری بکەن".

وەکو ئەوەی وتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "بابەتى نه‌وتى هه‌رێم پرسێكه‌ هه‌م حکومەتی هەرێم‌و تەنانەت سەرۆکی تورکیاش داوای هەناردەکردنەوەی دەکه‌ن، ئەمە شتێکە نییە کە گرنگ نەبێت، ڕاگرتنەکەی زیانی 14 ملیار دۆلاری لەعێراق داوە، ئەم زیانە بەر سەرجەم ناوچەکانی عێراق کەوتوە، ئێمه‌ وەک ئەپیکور ئەو شتانەمان پێشکەشکردوە کە پێویستن بۆ ڕێککەوتنی نوێ، دەمانەوێت ڕێککەوتنەکان وەک ئەوەی ئێستا هەن بمێننەوە، ئەگەر بشچنە بەردەستی بەغداوە، ئەگەر نەوت دیسان بە بۆڕی بنێرینەوە پێویستە بزانین کێ کرێ‌و شایستەکانمان دەدات؟ پێشبینیدەکەین ڕێکاری نوی بگیرێتەبەرو هیواخوازین ڕێککەوتنی نوێ بکرێت".

له‌ 25ی ئاداری 2023وە دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوە ڕاگیراوە، هەرچەندە چەند گەڕێکی دانوستان لەنێوان به‌غدا، هه‌ولێرو ئه‌نكه‌ره‌ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەڕێوەچوو، بەڵام تائێستا نەگەیشتوەتە ئەنجام، هەروەها بڕیارە دوای گەڕانەوەی محەممەد شییاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەئەمریکا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی بەغدا بکات کە جیا لەپرسی ئاسایشی تورکیاو پەکەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی بێت لەگەڵ حکومەتی عێراق.