نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا بۆ شارپرێس: دادگاییکردنی توندڕۆکان دەستپێدەکەین

ڕاپۆرت

05/05/2024‌ 822 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: کەنداڵ جودی

 دوای ئەوەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بانگەشەی ئەوەی کرد کە زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەردا ئەشکەنجە دەدرێن، جارێکی دیکە دۆسیەی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەر بوو بە ڕۆژەڤ.

  نوێنەری ئیدارەی خۆسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەوروپا د. عەبدولکەریم عومەر لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس گوتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە دیلەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام نادات، بۆیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا وەک ئیدارەی خۆسەر دەست بە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش لە زیندانەکان دەکەن.

 شارپرێس:  ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەردا ئەشکەنجە دەدرێن، ئێوە ئەم ئیدیعایانە چۆن دەبینن؟
 عەبدولکەریم عومەر: هەموو ئەو ڕاپۆرتانە لەبەرچاو دەگرین کە لە دامەزراوە یاساییەکانی وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی و HRW و لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بەسووریا  دەردەچن.  
جگە لەوەش ئێمە هاوکاری ئەو دامەزراوانە دەکەین و هەمیشە کۆبوونەوە لە نێوانماندا هەیە و سەردانەکانیان بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکدەخەین.  لە هەمان کاتدا هەمیشە دەرگای زیندان و کەمپەکانی داعش لە بەردەمیان کراوەتەوە.  بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەگەر پێشێلکارییەک ڕوویدا، بەدڵنیاییەوە بابەتی کەسییە و هیوادارین ئەم دامەزراوانە هاوکارمان بن و زانیاری و داتامان پێ بدەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەین کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەن لەکەمپەکان و زیندانەکان.

 شارپرێس: ئایا جارێکی دیکە کێشەی داعش و بنەماڵەکانیان لە زیندانەکان و ئۆردوگای هۆڵدا دێتەوە بەرباس و بۆچوونی ئێوە لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چییە؟
عەبدولکەریم عومەر: لە ڕاستیدا دۆسیەی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندان و کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا حاڵەتێکی مەترسیدارە، ئێمەش وەک بۆمبێک دەیبینین کە لە ڕۆژێکدا دەتەقێتەوە، ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت.  بۆیە ئەگەر ئەم بۆمبە بتەقێتەوە کاریگەری مەترسیدار و گەورەی لەسەر ناوچەکە و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.  لە لایەکی ترەوە دوای ئازادکردنی باهۆز، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕاستی وازی لە دۆسیەی (ئەندامانی ڕێکخراوی داعش و بنەماڵەکانیان لە زیندان و کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) هێناوە.  پێویستە ئەم دۆسیەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وەک دادگاییکردنی ئەندامانی داعش، بۆ ئەوەی دادپەروەری بکرێت.  لەو چوارچێوەیەشدا دوو ڕۆژ دوای ئازادکردنی باهۆز بەیاننامەیەک  دەرکراو داوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی کرا بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش،  ئەم دادگایە پێویستە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت، چونکە تاوانەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویدا و بەڵگەنامە هەیە کە تاوانەکانی بکوژانی داعش پشتڕاست دەکەنەوە.  بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە ڕێکخراوە یاساییەکان و کۆمەڵگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فشار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم بکوژانەی داعش بدرێنە دادگا.  بۆیە ئیدارەی خۆسەر بڕیاریدا دادگاییکردنی ئەندامانی بیانی ڕێکخراوی داعش بکات، بەڵام ئەم دادگاییکردنە لەبەر دوو هۆکار دواخرا؛  هۆکاری یەکەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هۆکاری دووەمیش ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماسە.  بەهۆی ئەم دوو هۆکارە دۆسیەی دادگاییکردنەکە دواخرا.

بەڵام ئێمە بڕیاری لێپێچینەوەمان داوە و لە هەفتەکانی داهاتوودا دەست بە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش دەکەین لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەر.  فایلەکەی تر هی خێزانەکانی داعشە لە کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی منداڵەکانیان ناکەم، بەپێی سەرژمێرییەک ٤٥ بۆ ٥٠ هەزار کەس لە کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژ دەژین، کە نزیکەی ٣٠ هەزار منداڵیان هەیە و پەروەردەی ئەو منداڵانەش لەسەر بیرۆکەی تیرۆر لە گەشەکردندایە، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئێمە ڕووبەڕووی نەوەی نوێی تیرۆر دەبینەوە و نەوەکە مەترسییەکی گەورە بۆ ئێمە و هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست دەکات.  بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم مەلەفەدا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.  
بەڕای ئێمە چارەسەری تەواو ئەوەیە کە هەر دەوڵەتێک بێت و هاوڵاتیانی خۆی ببات، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە لەم پڕۆسەیەدا پاڵپشتی دارایی بۆ ئیدارەی خۆسەر بکات، بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی و مرۆڤایەتی لە زیندان و کەمپەکاندا باشتر دەبێت.

 شارپرێس:  لەم دواییانەدا شانەکانی داعش لە زۆر ناوچەی سووریا چالاک بوون، بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
عەبدولکەریم عومەر: دوای ڕزگارکردنی باهۆز، ڕامانگەیاند کە "دەوڵەتی خیلافە"مان لەناوبردووە و ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئێمە و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی.  بەڵام لە ڕاستیدا ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنێکی سەربازی و جوگرافی بوو، چونکە ئێمە تیرۆرمان لەناو نەبرد.  لەو چوارچێوەیەشدا تیرۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام بوو، لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیای داعش لەو ناوچانەی کە ساڵانێک لەژێر داگیرکاری داعشدا بوون، هەروەها دەیان شانەی داعش هەن.  لەڕاستیدا فاکتەرگەلێکی زۆر هەن بۆ ئەوەی داعش لە ناوچەکەدا بەهێزتر بێت، وەک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشی میلیشیا چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران دژ بە ناوچەکە و ململانێی ڕابردووی ناوچەکە، ئەم فاکتەرانە ڕێگە بە داعش دەدەن بەهێزتر بێت.