ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هەتاوەکو ئەمڕۆ لەناو نووسەران و ئەدیبانی فەرەنسا و جیهانیش، قسەوباسێکی زۆر لە بارەی دوو رۆمانی مەزنی فەرەنسییەوە دەکرێت، یەکەمیان رۆمانی " مەدام بوڤاری" لە نووسینی " گوستاڤ ڤلوبێر" ە کە لە ساڵی 1856 دا نووسیویەتی، دووەمیان رۆمانی " نانا"یە کە لە نووسینی ئێمیل زۆلایە و ساڵی 1880 نووسیویەتی. ئەم دوو رۆمانە بۆتە مایەی گرنگی پێدانی هەموو ئەدیبانی فەرەنسی و جیهانیش، هەندێک مەدام بوڤاری بەو رۆمانەی دادەنێن کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی فەرەنسی لە سەدەی نۆزەدا کردبێت، گەرچی هەندێکی تر، نانا بە رۆحی کۆمەڵگەی فەرەنسی دادەنێن و پێیان وایە، رۆمانی نانا باشتر توانیویەتی گوزارشت لە رۆحی کۆمەڵگەی فەرەنسی بکات، دیارە لەمەشدا زیاتر لەبەرئەوەی کە شێوازی نووسینی رۆمانی نانا پشت بە قووتابخانەی " سروشتگەرایی" دەبەستێت، کە ئێمیل زۆلا دامەزرێنەری ئەم رەوتە ئەدەبییە بووە.
رۆمانی نانا ساڵی 1880 بۆیەکەمجار چاپ بوو، دەنگدانەوەی بەهێزی هەبوو، 55 هەزار نوسخەی لێ چاپ بووە. ئەمەش بۆ ئەو سەردەمە ژمارەیەکی زۆر بووە.
بەهەرحاڵ رۆمانی نانا ، لەپاش کارەکانی تری بەتایبەتی رۆمانی " جێرمیناڵ" یەکێکە لە کارە جوانەکانی نووسەری مەزنی فەرەنسی" ئێمێل زۆلا". ئەم رۆمانە یەکێكە لە زنجیرە رۆمانەکانی زۆلا کە لە ژێر ناونیشانی " Les Rougon-Macquart. ، رۆگون ماکوار " نووسیویەتی. رۆمانی نانا، نۆیەمین ژمارەی ئەو زنجیرەیە وەردەگرێت. نانا کچی جرفیز و کۆبیۆیە،کە لە بەشی حەوتەمی زنجیرەکەدا لە رۆمانی " سەرخۆش" دا باسیکردووە.
جرفیز ژنە جلشۆرێکە و کوبیۆی پیاوێکی ئاسنگەری سەرخۆشە، لە رۆمانی سەرخۆشدا زۆر بەکەمی باسی نانا دەکات، وەکو بڵێیت نووسەر ژیانی نانای بۆ ئەم بەشەی تر داناوە.
نووسەر لەم رۆمانەیدا، کۆمەڵێک پرسی گرنگی وروژاندووە لەوانە: " ژیانی لەشفرۆشانی پاریس، خۆشەویستی، خیانەت،ئێرەیی پێبرد، ڕق وکینە، رەوشی سیاسی فەرەنسا و داگیرکاری ئەڵمانیا، ژیانی فەرهەنگی فەرەنسا لەسەدەی نۆزدە، شانۆ" جگە لە کۆمەڵێک پرسی گرنگی تریش هەموو ئەمانەش هێزی گەورەی بەم رۆمانە بەخشیوەو وایکردووە ببێتە مایەی گرنگی پێدانی تەواوی ئەدیبانی فەرەنسی و جیهانیش.
ناوەڕۆکی رۆمانەکە
نانا کچە شانۆکارێکی جوان و شۆخ و شەنگە، هەرچەندە لە رووی توانای هونەرییەوە، هێندە شانۆکارێکی سەرکەوتوو نییە، بەڵام جوانییەکەی بۆتە هێزێکی گەورە بۆی. وەکو نووسەریش دەڵێت:
_ نانا بە هەموو مانایەک، ژنێک بوو لێوانلێوبوو لە جوانیی و سەرنجڕاکێشی، جوانییەکەیی و سەرنجراکێشییەکەی، هەموو هونەرو بەهرەکانی بوون .
سەرەتای رۆمانەکە باسی ژیانی تایبەتی نانا دەکات، کە لە کۆشکێکدا دەژی کە پێشتر بازرگانێکی دەوڵەمەندی روسیی لێی دەژیا و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ مۆسکۆ و کرێی شەش مانگی داوەو ماوەیەک لەگەڵ نانا بوو. بەڵام نانا بە هۆی هەڵەخەرجیی و زیادە مەسرەفییەوە، تووشی قەرزارییەکی زۆر بووە. بەڵام بەهۆی جوانییەکەیەوە، کۆمەڵێک پیاوی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی پاریس، عاشقی ئەم کچە شۆخ و شەنگ بوون، لەسەروو هەمووشیانەوە " شتاینەر" کە بازرگانێکی دەوڵەمەندە، هەروەها "کۆنت موفات" کە ئەویش میرێکی دەوڵەمەندی فەرنسییە.
لەم کەینوبەینشدا "بۆردنێف" بەرێوبەری شانۆی" ڤاریتییە"یە لە پاریس، سوود لە هەردووکیان وەردەگرێت، لەلایەکەوە سوود لە جوانی نانا وەردەگرێت بۆ دوو مەبەست: لەلایەکەوە بەهۆی جوانی ناناوە،پارەیەکی زۆرباش لە دەوڵەمەندە عاشقەکانی نانا وەردەگرێت، چونکە زۆرجار نانا بەهۆی ئەو عاشقە دەوڵەمەندانەیەوە دەتوانێت رۆڵی باش وەربگرێت. لەلایەکی تریشەوە بەهۆی جوانی ناناوە، خەڵکێکی زۆر دێنە شانۆکەوەو بلیتی شانۆگەرییەکانی دەکڕن.
نانا بەشداری لە شانۆگەری " ڤینۆسی پرچ زەرد" کرد. ئەمەش شانۆگەرییەکی موزیکیی گۆرانی ئامێزە، هەرچەندە شانۆکە چ لەرووی ناوەڕۆک و چ لە رووی شێوازی پێشكەشكردنیشەوە هێندە جوان و بەهێز نییە، بەڵام خەڵكی لەبەر خاتری خاتران" نانا" دێن بۆ شانۆکە و بەرناکەوێت و زیاتر لە 45 هەفتە لە نمایشکردن بەردەوام دەبێت و دەبێتە یەکێک لە شانۆ سەرکەوتووەکانی پاریس.
نانا لەناو شانۆدا رەقیبێکی هەیە ئەویش " روز" ە کە خانمێکی شانۆکارە، هەمیشە نانا بەهۆی خۆشەویستە دەوڵەمەندەکانیەوە، دەتوانێت رۆڵی باش ببینێت و رۆڵە سەرەکییەکان لەو بستێنێتەوە، ئەمەش وادەکات کە نانا لەگەڵ روز بکەوێتە جەنگ و ململانێیەکی سەختەوە، هەرچەندە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا ئەم ژنە زۆر هاوکاری نانا دەکات، کە ئەوەش شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بەلای منەوە.
نانا لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لە کەسێکی نادیارەوە منداڵێکی دەبێت و ناوی " لویس" ە، بەڵام خۆی ناتوانێت بەخێوی بکات و لای ژنێک دایدەنێت، بەڵام پاشان دەیەوێت بیبات بۆ لای پووری " مەدام لیرە" تاوەکو ئەو بۆی بەخێو بکات، بەڵام ئەو ژنەی کە منداڵەکەی لایەتی نزیکەی 300 فرانک قەرزارییەتی، ئەویش داوای ئەو بڕە پارەیە دەکات و ئینجا منداڵەکەی دەداتێ. ناناش لەبەر خاتری منداڵەکەی دووبارە جەستەی خۆی دەفرۆشیتەوە. لەمەشدا "مەدام تریکۆ" وەکو هەمووجارێک دەتوانێت یارمەتی بدات و پیاوی دەوڵمەندی بۆ دەدۆزێتەوە.
وەکو وتم لەوکاتەدا نانا کۆمەڵێک عاشقی دەبێت " شتاینەر" بازرگانی دەوڵەمەند، هاوکارییەکی زۆرباشی دەکات و کۆشكێکی شاهانەی بۆ دەکڕێت، ژیانێکی زۆر باش دەژی، لێ نانا دەبێتە عاشقی شانۆکارێکی ساختەچی بەناوی " فۆنتان" ، لەبەرئەو واز لە هەردووو پیاوە دەوڵەمەندەکە" کۆنت موفات و شتاینەر" دەهێنێت و پاشان پاریس جێهدەهێڵێت و دەچێت لەگەڵ فۆنتان لە ماڵێکی بچووکدا دەژی و دوور لە ژاوەژی خەڵکی پاریس . تاماوەیەکی زۆر ژیانێکی ئارام و پڕ لە خۆشەویستییان دەبێت، بەڵام کاتێک پارەکەی نانا تەواو دەبێت، رووی راستی فۆنتانی ساختەچی دەردەکەوێت و دەکەوێتە ئازاردانی نانا، بەڵام پارادۆکس لەوەدایە کە نانا بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە لەگەڵ فۆنتاندا بژی و تەنانەت ئامادەشە بچێت لەشفرۆشی بکات و پارە بۆ فۆنتان پەیدا دەکات و دەیژێنێت، بەڵام ئازارەکانی نانا بەوەش ناوەستێت، کاتێک شەوێکیان دەگەڕێتەوە، فۆنتان لەگەڵ کچێکی خۆشەویستیدا، لەسەر جێگاکەی ئەودا دەخەوێت و کاتێک ناناش تووڕە دەبێت، فۆنتان دەستدەکات بە لێدان و دەرکردنی لە ماڵەکەی لەکاتێکدا نانا بە پارەی خۆی ئەو ماڵەی دروستکردووە.
نانا لەکۆتایدا رووبەروی ژیانێکی زۆر ناخۆش دەبێتەوە و لەرووی دەروونیەوە زۆر ئازار دەجێژێت، لەم کاتەدا " ساتان" ی هاوڕێی ، کە ماوەیەکی زۆر یەکتری دەناسن، دووبارە هاوکاری دەکات و دەست دەکاتەوە بە ژیانی تایبەتی خۆی و خەریکی لەشفرۆشی دەبێت، بەڵام شەوێکیان لە پڕ پۆلیس دەدەن بەسەر ئەو شوێنەدا کە ژنێکی دەڵاڵ بۆی داناون، نانا لە ترسی ئەوەی نەکەوێتە بەردەستی پۆلیس، لە باڵەخانەکە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوەو رادەکات، پاشان دەچێتەوە پاریس و دووبارە تێکەڵی شانۆ دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای عاشقە کۆنەکانی.
ئەمجارەیان کۆنت موفات پێشنیازی زیاتر دەخاتە بەردەستی و ئامادەیە کۆشکێکی مەزنی بۆ دابنێت و پارەیەکی زۆریش دەخاتە بەردەستی. ماوەیەک نانا ژیانی باش دەبێت، بەڵام پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی سەرگەردانی خۆی.
نانا دوای ماوەیەک لەمیش بێزار دەبێت و کۆشکەکە بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ بازرگانێکی گەورەی روسیدا دەست تێکەڵ دەکات و بەرەو مۆسکۆ هەڵدێت، ماوەی شەش مانگ دیار نابێت، پاشان دووبارە هەواڵی گەڕانەوەی نانا دەگاتەوە ناو مەعشەری پاریسی، لە کۆتاییشدا لە یەکێک لە هۆتێلەکانی پاریسدا بە نەخۆشی دەکەوێت و بە تەنها دەمێنێتەوە. لێ ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەو هەموو عاشق و دۆستە نزیکانەی، تەنها رۆزای رەقیبی کۆنی بە گەرمییەوە هاوکاری دەکات، لەهەمانکاتیشدا کۆنت مۆفانی عاشقیشی لەلای دەمێنێتەوە.
کۆتایی رۆمانەکە زۆر تراژیدییە، لە لایەکەوە نانا بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرێت و ئەستێرەی گەشی ئەم ژنە پرشنگدارە نامێنێت، هەر لەهەمانکاتیشدا لەو کاتەدا لە شەقامەنەکانی پاریسدا، سەربازەکان هاوار دەکەن " بەرەو بەرلین" جەنگ لە دژی ئەلمانیا هەڵدەگیرسێت
کردنی بە کوردی
پێش چەند ساڵێک هاوڕێ و برای هێژام کاک ئارام شەفیق، بەڕێوبەری دەزگای چاپ و پەخشی رۆمان پێی وتم، بۆچی رۆمانی نانا ناکەیت بە کوردی، کە یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی ئێمیل زۆلا. راستییەکەی من ئەو کاتە خەریکی کاری تر بووم، بەڵام بیرۆکەکەیم بەلاوە جوان بوو، بۆیە خستمە ڕیزی ئەو کتێبانەی کە بەنیازم وەریانبگێڕمە سەر زمانی کوردی. دواتر ساڵی پار کاتێک سەردانی ماڵی ئێمیل زۆلام لە پاریس کرد، بەرێز مسیۆ ڤلیپ ئۆریۆل بەڕێوبەری ماڵی زۆلا پێی وتم، چۆنە رۆمانی نانات نەکردووە بە کوردی، ماوەیەکیش باسی جوانیی و گرنگی ئەم رۆمانەمان کرد. دواتر کە گەڕامەوە بۆ کوردستان، دەستمکرد بە وەرگێڕانی ئەم رۆمانە، نزیکەی 7 مانگ دەبێت خەریکی وەرگێڕانی ئەم رۆمانە جوانەی ئێمیل زۆلام، خۆشبەختانە لەم هەفتەیەدا لە کاری وەرگێڕانەکە تەواو بووم. وا بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە دەزگای چاپ و پەخشی رۆمان چاپ بکرێت. هیوادارم بەم نزیکانە چاپ بکرێت و بکەوێتە بەردەستی خوێنەران.