شەوی ڕابردوو لە هەڵکشانێکی نوێدا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ناوجەرگەی شاری بەیروتی کردە ئامانج، لێدانەکە بۆ سەرکردەیەکی هەرە باڵای حزبوڵڵا لوبنانی بووە بە ناوی فوئاد شاکر..
فوئاد شاکر کێیە؟
فوئاد شاکر کە ناوە خوازراوەکەی حاجی موحسینە، ڕاوێژکاری سەربازیی حەسەن نەسروڵڵا بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئیسرائیلی، فوئاد شاکر بە کەسی دووەمی حزبووڵڵای لوبنان ناسرابوو..
پێشتر سوپای ئیسرائیل پاداشتێکی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێك دیاریکردبوو، کە زانیاریی لەبارەی فوئاد شاکر بداتە سوپا.. هاوکات میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، شاکر ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە تەقینەوەکەی ساڵی 1984 کە تیایدا کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی 241 ئەندامی کەشتییەکە کە ئەمریکی بوون.
هاوکات فوئاد شاکر بە بەرپرسی یەکەمی سەرجەم کردەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی حزبووڵڵای لوبنانی ناسراوە..
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی وتووە، ئەگەر حزبوڵڵا وەڵامی ئەم هێرشە نەداتەوە، ناکەونە نێو شەڕەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت، "حیزبوڵڵا چەند رۆژێک لەمەوبەر هێڵی سووری بەزاند...
حزبوڵڵا چی دەکات؟
هەرچەندە جیهان داوای لە حزبوڵڵای لوبنانی کردووە ڕۆڵی نەبێت لە هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە، بەڵام بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە ئاماژە بەوەدەدەن، دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردوو جەنگی قورس لەنێوان حزبووڵڵا و ئیسرائیل دروستدەبێت.
ئەمریکا لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا جوڵەی بە کەشتییە جەنگیەکانی خۆی بۆ نزیک کەناراوەکانی لوبنان کردووە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ قورسیی قۆناغی داهاتوو لێکدەدرێتەوە..
دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بنیامین نەتەنیاهۆ بەپەلە دەستی بە کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەتەکەی کرد، بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ قۆناغی دوای وەڵامدانەوەی حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ئەو هێرشە.
لە عێراق چی ڕوودەدات؟
شەوی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر لوبنان، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل بیسترا و چەند سەرچاوەیەک بە میدیای عێراقیان وتووە، پێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە کراوەتە ئامانج کە پێیان دەوترێت بەرەی مقاوەمە و دەوترێت سێ چەکدری حەشدی شەعبی کوژراون و سیانی دیکەش برینداربوون.
جورف سەخر شارۆچکەیەکە کە پێگەی ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تێدایە.
