بۆچی ژنان لە پیاوان زیاتر پێویستیان بەخەوە؟

هەمەڕەنگ

09/08/2024‌ 422 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی دەریخستووە کە هەموو شەوێک، خانمان بەراورد بە پیاوان پێویستیان بە نزیکەی 11 خولەک خەوتنی زیادە هەیە .

 توێژینەوەکە لەلایەن مێدیکاڵ ئێکسپرێسەوە بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکن سلیپ فاوندەیشن ئەنجامدراوە، ڕوونیکردەوە، ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان کە خانمان بە درێژایی ژیانیان پێیدا تێدەپەڕێت، وەک سوڕی مانگانە و دووگیانی و وەستانی سوڕی مانگانە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی شێوازی نووستن.

باسی لەوەشکردووە کە  ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان بە ڕێژەی 40% زیاتر تووشی کەمخەویی دەبن.

جگە لە هۆکارە بایۆلۆژییەکان، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی ڕۆڵ دەبینێت لە زیادبوونی پێویستیی ژنان بۆ خەو، چونکە زۆرجار ژنان زۆرینەی ئەرکەکانی ماڵەوە و چاودێریکردنیان لە شاندایە، ئەمەش ماندوێتیی و فشاری دەروونیی زیاد دەکات.

دکتۆر ئیلین ئەلێکساندەر پسپۆڕی تەندرووستیی و خەوی خانمان جەختی لە گرنگیی خەوتن بۆ خانمان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هۆرمۆنەکانی خانمان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خەوتن هەیە. 

شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گەورەکان لە شەوێکدا لە نێوان 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێداویستیەکانی خەوتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە پێی تەمەن و شێوازی ژیان و تەندرووستیی گشتیی دەگۆڕێت.