هه‌تا ده‌توانن به‌ئاوى سارد خۆتان بشۆن

تەندروستی

14/09/2024‌ 5350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵک خۆیان بەئاوی گەرم دەشۆن، بەڵام بەگوێرەی بابەتێک کە لەرۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، پسپۆڕان پێیانوایە، خۆشوشتن بەئاوی سارد چەندین سودی دەرونیی‌و جەستەیی هەیە کە دیارترینیان بریتیین لە:


1ـ بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگریی لەش: توێژینەوەیەک لەهۆڵەندا دەریخستوە خۆشوشتن  بەئاوی سارد ڕۆژانی مۆڵەتی نەخۆشیی بەڕێژەی 29% کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی لەناکاو لەپلەی گەرمیی پێستدا کە گۆڕانکاریی سودبەخش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

2ـ  باشترکردنی تەندروستیی دەرونیی: بەرکەوتن بەئاوی سارد دەبێتە هۆی نەهێشتنی خەمۆکیی‌و باشترکردنی باری دەرونیی، وەک لەتوێژینەوەیەکدا دەرکەوتوە کە مەلەکردن لەئاوی سارددا یارمەتیی ئافرەتیداوە لەخەمۆکی ڕزگاری بێت.

3ـ زیادکردنی وزەو زیندویی: خۆشۆردن بەئاوی سارد وزەو ئاستی چالاکیی زیاد دەکات.

4ـ باشترکردنی سوڕی خوێن: ساردکردنەوەی لەش بەئاوی سارد، جەستە ناچاردەکات زیاتر کاربکات بۆ ئەوەی خوێن بگوازێتەوە بۆ پەلەکان، ئەمەش سوڕی خوێن باشتر دەکات.

5ـ بەرەوپێشبردنی تەندروستیی پێست‌و قژ: ئاوی سارد کونیلەکان دادەخات‌و لەدەستدانی ڕۆنی سروشتیی کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەرکەوتنی پێست‌و قژ باشتر دەکات.

6ـ زیادکردنی توانای بەرگەگرتنی فشار: خۆشۆردن بەئاوی سارد کۆئەندامی دەمار چالاکدەکات‌و نەرمیی جەستە زیاد دەکات بۆ بەرگەگرتنی فشار.

7ـ باشترکردنی باری دەرونیی‌و چالاکیی دەرونیی: ئاوی سارد ئاستی ئەندۆرفین بەرزدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی باری دەرونیی‌و چالاکیی دەرونیی.

و: ئاکۆ ئاڵی