توركیا دەست بەهەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەكدارانە دەكات كە رێككەوتنی ئەنقەرە و دیمەشق رەتدەكەنەوە

ڕاپۆرت

24/09/2024‌ 2477 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس: كەنداڵ جودی

 دەوڵەتی توركیا، لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، هەوڵی هەڵوەشاندنەوە و بڵاوەپێكردنی گروپی چەكداری سقور شیمال دەدات، كە دژی كردنەوەی دەروازەی ئەبو زیندین و ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق وەستانەوە.

لەمانگی ڕابردوودا، لە كاتێكدا كە توركیا لێدوان دەدات و بەرپرسەكانی دەڵێن، دەیەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بكات، دەروازەیەكی بازرگانی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق و دەوڵەتی توركیا، بە ناوی ئەبو زندین  كرایەوە.

دەروازەی ئەبو زندین لە ناوچەی باب سەر بە پارێزگای حەلەب لە 9ی ئابی 2024 كرایەوە. زانراوە كە شارەكە و تەواوی ناوچەی باب لەژێر داگیركاری دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكانیدایە.

لەگەڵ كردنەوەی دەروازەكە و تێپەڕبوونی بارهەڵگرەكان، گروپە چەكدارەكان هەر هێرشیان كردە سەر دەروازەكە لە دەڤەری باب و نەیانهێشت كەلوپەل و كەرەستەی دیكەی پێویست پێیدا تێپەڕێت.

 لەو چوارچێوەیەشدا گروپەكە بەناوی سقور شیمال لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند كە ڕێگە نادەن دەرگا بەڕووی ناوچەكانی ڕژێمی سوریادا بكرێتەوە، لەهەمان كاتدا سقور شیمال كە هەزاران چەكداری هەیە، ڕایگەیاندووە دژی ڕێككەوتنەكەن لە نێوان توركیا و حكومەتی دیمەشقدا.

لەو چوارچێوەیەشدا، لە 1ی ئەیلولی 2024، توركیا فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری حكومەتی كاتی لە باكووری سوریا دا، گروپەكە بە ناوی سقور شیمال هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو گرووپە ئەم بڕیارەیان ڕەتكردەوە و پەیوەندییان بە بەرەی شامییەوە كرد كە دژایەتی حكومەتی كاتی دەكەن.

دۆخی ناوچە داگیركراوەكان چۆنە؟
ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری بەشی هەواڵی ئاژانسی نۆرس پرێس، عەَگید مشمش، سەبارەت بە دۆخی ئێستای نێوان گروپە چەكدارەكان بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند دەوڵەتی توركیا فەرمانی بە گروپە چەكدارەكانی ئەمشات و حەمزات داوە كە گروپی سقور هەڵبوەشێتەوە، چونكە گروپی ئەمشات و حەمزات هێزیان لە باب و عەزاز و عەفرین لە دژی ناوەندەكانی سقور كۆكردۆتەوە و هەندێكجاریش شەڕ هەڵگیرساوە.

دەشڵێت، لە ناوچە داگیركراوەكانی باكوری سوریا لە جەرابلوسەوە تا عەفرین و عەزاز و باب و ئیدلب دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە لەنێوان گروپە چەكدارەكان و ئەگەری زۆر هەیە شەڕێكی توند لەنێوان ئەو گروپە چەكدارانە دەستپێبكات .

بەگوێرەی سەرچاوەكانی شارپرێس لە ناوچەی عەفرینەوە، دوای چەند ڕۆژێك لە سەرهەڵدانی ململانێكان، دەسەڵاتدارانی توركیا 3 دیداریان لەگەڵ نوێنەرانی سقور ئەنجامداوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپەكەیان كردوە، بەڵام داواكارییەكەیان رەتكراوەتەوە.

 بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دەسەڵاتدارانی توركیا داوایان لە نوێنەرانی سقور كردووە بچنە نێو گروپەكانی ئەمشات و حەمزاتەوە، بەڵام جارێكی دیكە  ئەم داوایەشیان ڕەتكردەوە. 

ڕۆژنامەنووس عەگید مشمش ئاماژەی بەوەدا  بە بۆچوونی من دواجار توركیا مەرجەكانی  سقور جێبەجێدەكات، بە پەیوەست بوون بە بەرەی شامی، چونكە توركیا ناوی ئێستای سقور شیمال و بارودۆخەكەی ڕەتدەكاتەوە، چونكە توركیا دەزانێت ئەم گروپە، لە داهاتوودا دژایەتی بڕیارەكانی دەكات، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ بەردەوامبوون لە ڕێككەوتنەكە لەگەڵ ڕژێمی سوریا.

توركیا ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق لا دەبات
لەلایەكی دیكەوە، ڕۆژنامەنوسی ئەرمەنی و شارەزای كاروباری توركیا، سێركیس كەسەرژیان، سەبارەت بە ئامانجی كردنەوەی دەرگای ئەبو زیندین بە شارپرێسی ڕاگەیاند كردنەوەی دەرگاكە یەكێكە لە ئامانجەكانی ئاستانە، ئەوەش جدییەتی توركیایە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، بۆیە بڕیاریدا دەرگاكە بكاتەوە.

 دیارە حكومەتی توركیا هەموو ئەو گروپە چەكدارانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە دژایەتی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق دەكەن بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی سوریا.