له‌ماوه‌ى دوو ڕۆژدا ئیسرائیل دوو هه‌زار بۆمبى به‌سه‌ر لوبناندا به‌رداوه‌ته‌ خواره‌وه‌

جیهان

26/09/2024‌ 2426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی"والا"ی عیبری له‌ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لەچۆنێتیی وەڵامدانەوە‌و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی ئێستای ئیسرائیل توشی ئاڵنگاریی بوه‌تەوە، بەشێوەیەک بەگوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، حزبوڵڵا سەری سوڕماوە لەتوندیی‌و وردپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل، کە شوێن‌و ژێرخانی حزبەکەی کردوه‌تە ئامانج کە لەماوەی 20 ساڵدا دروستکراون.


پێگەکە باسی لەوەکردوە، خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، حزبوڵڵا لەپێکهێنانی دیدێکی ڕون بۆ دۆخی ئێستا، بەتایبەت لەگەڵ ئەو لێدانە وردانەی کە سوپای ئیسرائیل ئاراستەی حزبوڵڵاى دەکەن، ڕوبەڕوی ئاستەنگی بوەتەوە.

ئەوەش هاتوە،  لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "تیرەکانی باکور"دا، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردوه‌تەسەر زیاتر لەهەزارو 500 ئامانج لەلوبنان، هەروەک لەڕۆژی دوشەممەوە تاوه‌كو چوارشه‌ممه‌ دوو هه‌زار بۆمبی بەسەر ئەو وڵاتەدا بەرداوه‌تە خوارەوە، ئەمەش وایکردوە حزبوڵڵای لوبنان وەڵامی خۆی بداتەوەو موشەک ئاراستەی ناوچەکانی ئیسرائیل بکات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ڕەنگە حزبوڵڵا زیانێکی بەرچاو لەتوانا موشەکییەکانیدا کەوتبێت، کە بەگوێره‌ى لێدوانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی توانای ئەو هێزە بۆ هەڵدانی موشەک زیانێکی  گەورەی پێگەیشتوە، بەشێوەیەک تەنها نیوەی موشەکە وردپێکەکان لەدەستی حزبەکەدا ماونەتەوە، جگەلەوەی بەشێکی زۆر لەکۆگای موشەکی کورتمەوداشی لەناوچون بەڕاددەیەک تەنها چوار یەکی ئەو موشەکانەی لەدەستدا ماون کە مەودایان دەگاتە 40  کیلۆمەتر.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا هاتوە، پەرەسەندنی گرژییەکان بەردەوامەو وا دیارە ئیسرائیل دەیەوێت ئاستی هێرشەکان زیادبکات ئەگەر قەیرانەکە لەڕوی سیاسییەوە چارەسەرنەکرێت، لەگەڵ ئەگەری پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوامبێت.