ئاماری قوربانیانی پاكستان‌و هیندستان‌و هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕەكەیان بزانە

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەڕو ئاڵۆزییەکانی هیندستان‌و پاکستان تادێت زیاتردەبێت‌و ژمارەی قوربانیان ڕوو لەبەرزبونەوە دەکەن.


دەسەڵاتدارانی پاكستان بڵاویانكردەوە بەهۆی دەستدرێژیەكانی هیندستانەوە لایەنی کەم 26 هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون‌و 46 کەسیش برینداربون.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی هیندستانیش بڵاویانكردەوە، لەئەنجامی هێرشەکانی پاکستان بۆسەر بەشە هیندییەکەی کشمیر حەوت کەس کوژراون‌و 35 کەسی دیکەش برینداربون.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "هیواکان زۆر بەخێرایی لەناودەچن".

داواشیکرد، هەردوو وڵات بەزویی کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.

ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان‌و پاکستان نوێ نین بۆ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دوەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەرێمی کشمیر لەنێوان هەردوو وڵات بوو بەدوو بەشەوە، لەوكاتەوەو بەردەوام پاکستان هەوڵدەدات ئەو بەشەی بەر هیندستان کەوتوە وەریبگرێتەوەو بیکات بەبەشێک لەخاکەکەی، بەڵام هیندستان ئامادەی سازشکردن نییە لەو پرسەدا، بۆ ئەمەش هەرجارەو بەبیانویەک ئاڵۆزیی لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێتە کایەوە.

هەفتەی ڕابردوو عەتەڵڵا تارار وەزیری راگەیاندنی پاکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستانی دراوسێی بەنیازە لەماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژی داهاتوو هێرشبکاتەسەریان.

هەروەک ئەوەی پێشبینیکرابوو، ڕۆژی ڕابردوو هیندستان ئۆپه‌راسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر پاکستان دەستپێکردو هەر بەزوییش لەلایەن ئەو وڵاتەوە وەڵامدرایەوە.