شارپرێس:
میدیای نزیک لە پارتی بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنی نێوانیان وەڵامی بەغدا دەداتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کە بەشێوەیەکە بەغدا بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات و لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێویستی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان دەنێرێت.
بەگوێرەی هەواڵی میدیای نزیک لە پارتی، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت سێ داواکارییان پێشکەش کردووە کە لە بارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، قەرزی پێشوو و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانیاندایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دەڵێت، رەشنووسی رێککەوتن لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناخی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە ئەوەیە، تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.
هەروەها، خەمڵاندنی سەرەتایی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت.
سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان، دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و، دووەم، دیاریکردنی ئاستی پێویستی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتی سپی، بەنزین، گازۆیل کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە، 7ی تەممووز، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە بەغدا بگات بەوەی بەو شێوازی رادەستکردنی نەوتە قایلە.
